بەكتریای گەدە كە بە هێلیكۆبەكتیر پایلۆری H.pylori ناسراوە، لە رێڕەوەكانی كۆئەندامی هەرسدا توانای ژیانی هەیە، ئینجا پاش چەند ساڵێك لەسەر ناوپۆشی گەدە و بەشی سەرەوەی ریخۆڵە باریكەدا كولبوون پەیدا دەكات، لە هەندێك كەسیشدا لەگەڵ بەتەمەنداچووندا لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری شێرپەنجەی گەدە. ئەم بەكتریایە هاوكات لەگەڵ ترشەڵۆكی گەدە و هۆكارن بۆ سووتانەوە و كولبوونی ناوپۆشی گەدە و دوازدەگرێ Ulcer. ئەگەر زوو چارەسەر دژی ئەم بەكتریایە وەرنەگیرێت، ئەوا دەبێتە ئەگەری هەوكردنی ناوپۆشی گەدە Gastritis. نیشانەكانی هەوكردن بە بەكتریای گەدە ئەمانەن: ئازار، یان هەستكردن بە سووتانەوە لە ناوچەی سكدا كە لەكاتی بەتاڵبوونی گەدەدا توندتر دەبێت، هێڵنج، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، ئاوسانی سك لە ئەنجامی كۆبوونەوەی گاز لە ریخۆڵەدا، كەمبوونەوەی كێشی لەش. ئەم بەكتریایە لە رێگای ئاو، خۆراك، كەلوپەلی ئالودەبوو بە لیك و شلەكانی لەشی كەسێكی تووشبوو بۆ یەكێكی دیكە دەگوازرێتەوە. بوونی بەكتریای گەدە بە پشكنینی خوێن، پكشنینی پیسایی، یان پشكنینی هەناسە و هەندێك پشكنینی دیكە بە ئاسانی دەستنیشان دەكرێت. هەوكردن بەم بەكتریایە سەركەوتووانە بە بەكارهێنانی چەند دەرمانێكی دژەژی و دەرمانی كەمكردنەوەی دەردانی ترشەڵۆكی گەدە چارەسەردەكرێت.