هەوكردنی جومگە Arthritits بریتییە لە سووربوونەوە، گەرمبوون، ئاوسان، سخبوون و تێكچوونی فرمانی جومگە. لە پزیشكیدا بەگشتی چوار جۆر هەوكردنی جومگە هەیە: یەكەم، هەوكردنی جومگە لەبەر چالاكییەكانی ژیانی رۆژانە، لەوكاتەی كە میكانیزمەكانی پاراستنی جومگە لاواز دەبن و دەبنە هۆی لێكخشانی ئێسك لەسەر ئێسكێكی دیكە، یان نەرمەشانەكان، كە دەبێتە هۆی ئەگەری ئازار، ئاوسان لەگەڵ سخبوونی جومگە. بە تێپەڕبوونی كات لەوانەیە كە حاڵەتەكە ببێتە ئەگەری ناجێگیربوونی جومگە لەگەڵ لاوازبوون، گۆڕانی شێوەی جومگە، ئازاری درێژخایەن، كەمبوونەوەی فرمانی جومگە و كەمبوونەوەی كوالێتی ژیان. باوترین نموونەی ئەم حاڵەتە بریتییە لە داڕووشان، یان سەوەفانی جومگە OA كە زیاتر لەبەر تەمەن، یان زەبر بۆ جومگە روودەدات. دووەم: هەوكردنی نامیكرۆبیی جومگە، واتە سستمی بەرگری پەلاماری شانەكانی خودی لەش دەدات، بەمەشەوە هەوكردن لە جومگە و بەشی جیاوازی لەشدا پەیدادەكات، هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ فاكتەری وەكو مەیلی بۆماوەیی و جگەرەكێشان. سێیەم: هەوكردنی جومگە لە ئەنجامی گرفت لە میتابۆلیزمی ماددە كیمیاییەكانی لەشدا، دەردەبەگ (گاوت Gout) باوترین نموونەیە لەبەر زیادبوونی ترشی یوریك لە خوێندا و دروستبوونی كریستاڵی ترشی یوریك لەناو جومگەدا، ئەمەش دەبێتە ئەگەری هەوكردن كە نیشانەكانی بریتین لە: ئازارێكی توند و كتوپڕی جومگە كە هاوكاتە لەگەڵ ئاوسان و سووربوونەوە كە زیاتر لە پەنجە گەورەی پێدا بەدی دەكرێت. چوارەم: هەوكردنی میكرۆبیی جومگە بە بەكتریا، ڤایرۆس، یان كەڕوو.