شەكر، خوێ، چەوری، تیژی، شلەمەنییە كافائینییەكان ئەگەری هەستكردن بە تێنوبوون زیاد دەكەن، ئەمەش رۆژووەوان زۆر ناڕەحەت دەكات، بۆیە پێویستە كە دووربكەویتەوە لە خۆراكی تیژ Spicy foods و خۆراكی چەور. هەوڵبدە كە خۆراكی پرۆتینی و خۆراكی كەم چەوری بخۆیت، بەتایبەتی لە ژەمی فتاردا، چونكە ئەو خۆراكانە كاتێكی زۆریان پێویستە بۆ ئەوەی بە تەواوی هەرس بكرێن، كەچی خۆراكی كاربۆهیدراتی بەگشتی بۆ هەرسبوونی تەواو كاتێكی كەمتری دەوێت. شلەمەنییە گازدارەكان بەتایبەتی بیبسی و كۆلا ماددەی كافائین Caffeine لەخۆدەگرن، كە هانی گورچیلەكان دەدات بۆ زیاتر دەردانی ئاو واتە كەمبوونەوەی شلەی لەش، ئەمەش هەستی تێنووبوون زیاد دەكات. جگە لە شلەمەنییە گازدارەكان، ماددەی كافائین بە رێژەی جیاواز لە گەلێك خواردن و شلەمەنی دیكەدا هەیە، وەك: قاوە،چای، كاكاو، شوكولاتە، خواردنەوە وزەبەخشەكان Energydrinks. ئەو خۆراكانەی كە رێژەیەكی بەرزی خوێ لەخۆدەگرن، بریتین لە: زەیتوون، جبس، پیتزا، دۆشاوی تەماتە، خۆراكی خێرا، كیتچەپ و ساس، ترشیات، هەروەها خۆراكە قوتووبەندەكان بەتایبەتی گۆشت و مریشك و ماسیی قوتووبەند.