ئەگەر هەوڵ دەدەیت كە چەوریی سك كەم بكەیتەوە، یان كەرش بچووك بكەیتەوە، ئەگەر دەتەوێت كە چەند كیلۆگرامێك كێشی لەش دابەزێنیت، ئەوا سەرەتا پێویستە كە گرنگی زۆر بە جۆری خۆراك بدەیت. تەنیا بە جەخت كردنەوە لەو خۆراكانەی كە وزەیەكی كەم لەخۆدەگرن، بەس نییە بۆ گەیشتن بە ئامانج، بەڵكو پێویستە كە بەو ڤیتامین و كانزایانە ئاشنا بیت كە رۆڵیان هەیە بۆ سووتاندنی چەوریی لەش و بەرزكردنەوەی ئاستی میتابۆلیزم Metabolism. لە راستیدا، زنجیرەیەك كارلێكی كیمیایی بەرپرسن لە تێكشكاندنی پێكهاتەكانی خۆراك و بەدەستهێنانی وزە بۆ لەش. لەگەڵ سستبوونی میتابۆلیزمدا، لەش بە سستی مامەڵە لەگەڵ خۆراكدا دەكات و كەمتر وزە سەرف دەكات، لێرەدا بە مەبەستی تاودانی میتابۆلیزم پێویست بە چەند ڤیتامین و كانزایەك دەكات، بۆنموونە: ڤیتامینەكانی B كە هانی لەش دەدەن بۆ میتابۆلیزمی كاربۆهیدرات و پرۆتین و چەوری، هەروەها یارمەتی لەش دەدەن بۆ بەكارهێنانی وزەی یەدەك، سەرچاوە خۆاكییەكان بریتین لە: شیر، هێلكە، پاقلەمەنییەكان. ڤیتامین D هاندەرە بۆ كەمكردنەوەی چەوریی دەوری سك، سەرچاوە خۆراكییەكان: ماسی تونە، سالمۆن، زەردێنەی هێلكە. كانزای ئاسن گرنگە چونكە یارمەتیدەرە بۆ گواستنەوەی ئۆكسجین بۆ خانەكانی لەش، ئەمەش هاندەرە بۆ سووتاندنی چەوری، سەرچاوە خۆراكییەكانی بریتین لە: گۆشت، جگەر، نیسك، سپێناغ، پاقلەمەنییەكان. هەروەها كانزای مەگنیسیۆم كە رۆڵی لە بەرهەمهێنانی وزە لە لەشدا هەیە، هەروەها یارمەتیی فرمانی نزیكەی 300 ئەنزیمی جیاواز دەدات بۆ زیادكردنی میتابۆلیزم، سەرچاوە خۆراكییەكانی ئەمانەن: مۆز، ئاڤۆكادۆ، باوی.