كاریگەرییە نێگەتیڤەكانی سترێسی درێژخایەن

كاریگەرییە نێگەتیڤەكانی سترێسی درێژخایەن
سترێس Stress كاردانەوەیەكی بایۆلۆژییە بەرانبەر بە بارودۆخی نالەبار بەشێوەی دەردانی هۆرمۆنەكانی كۆرتیزۆل و ئەدرینالین. ئەم هۆرمۆنانە ئامادەباشی لەش زیاد دەكەن بۆ بەرەنگاربوونەوە، بۆنموونە، زیادبوونی لێدانەكانی دڵ و خێرابوونی هەناسە. هۆكارە باوەكانی سترێسی درێژخایەن بریتین لە: فشاری توندی كار و پیشە، گرفتی ئابووری، گرفتەكانی پەیوەندیی خێزانی. سترێسی درێژخایەن بۆ ماوەیەكی زۆر فشار دەخاتە سەر لەش، بۆیە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی چەند نیشانەیەكی فیزیكی و دەروونی كە توندییەكەیان لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە جیاوازە، بۆنموونە: هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكی، سەرئێشە، گرفت لە تەركیز و ئەنجامدانی كارەكان، گرفتەكانی خەو، ناڕەحەتیی گەدە و ریخۆڵە، گۆڕان لە ئارەزووی خواردندا، لەدەستدانی كۆنترۆڵ و گرفت لە بڕیاردان، زووهەڵچوون و تووڕەبوون، كەمبوونەوەی باوڕبەخۆبوون. سترێسی درێژخایەن هۆكارە بۆ كۆمەڵیك گرفت و نەخۆشیی جەستەیی و دەروونی وەكو: نەخۆشیی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشیی شەكرە، قەڵەوی، لاوازبوونی سیستمی بەرگریی لەش، گرفتەكانی كۆئەندامی هەرس، هەوكردنەكانی كۆئەندامی هەناسە، خەوزڕان Insomnia، خەمۆكی، پەستی، داڕمانی جەستەیی و دەروونی Burnout، شیزۆفرینیا.
Top