تاریكبوونی رەنگی لێوەكان

تاریكبوونی رەنگی لێوەكان
تاریكبوونی رەنگی لێو لە ئەنجامی زیادبوونی بۆیەی پێست یان میلانین Melanin لەبەر چەند ورووژێنەرێك روودەدات. وشكبوونی لێو هۆكارێكی باوە لە ئەنجامی بەركەوتنی بەردەوامی لێو بە هەوای دەرەوە، هەناسەوەرگرتن و دانەوە لە رێگای دەم، جگەرەكێشان كە دەبێتە ئەگەری تاریكبوونی لێو و ناوپۆشی ناو دەم، نەریتی لێستنەوەی لێو بە زمان، هەوای سارد و با، هەندێك جار وشكبوونی لێو هاوكات لەگەڵ قڵیشانی لێو دەبێت. هۆكارەكانی دیكە: زیاد خواردنەوەی ئەلكهول لەوانەیە ببێتە هۆی پەیدابوونی پنتی رەش لەسەر لێوەكان، كەمبوونەوەی ئاو لە لەشدا Dehydration، زیاد خواردنەوەی شلەمەنییە كافائینییەكانی وەكو چای و قاوە، هەستەوەری بەرانبەر بە هەویری ددان، یان سووراوی لێو، زیاد بەكارهێنانی ئاوێتەكانی جوانكاریی لێو Cosmetics و هێشتنەوەیان بە درێژایی شەو. گەلێك جار تاریكبوونی رەنگی لێو بەشێكە لە زیاد نیشتنی بۆیەی میلانین لە پێستدا، یان لەكەی تاریك Melasma كە زیاتر لە دەموچاو لەبەر بەركەوتن بە تیشكی خۆر روودەدات و زیاتر لێوی سەرەوە دەگرێتەوە. هەنگاوەكانی خۆپاراستن: شووشتنی ئارایشت لەكاتی شەودا، بەكارهێنانی ئاوێتەی شێداركەرەوە لەكاتی وشكبوونی لێودا، زیاد خواردنەوەی ئاو، بەكارهێنانی ئاوێتەی دژەهەتاو بۆ لێوەكان بە رێنمایی دكتۆر.
Top