بۆ ئەوەی بزانرێت رادەی بینایی چاوی هەركەسێك چەندە، دەبێت پشكنینی بۆ بكەیت و بۆ پشكنینی چاویش دوو شێواز هەیە، یەكێكیان پشت دەبەستێت بە وەڵامدانەوەی كەسەكە، ئەوی دیكەشیان پشت دەبەستێت بە پشكنینی پزیشك و چاویلكەساز. بۆ هەركەسێك بتوانێت وەڵامی دروست بداتەوە، تابلۆی تایبەت هەیە، كە (پیت، ژمارە، وێنە، یان هێما)ی لەسەرە و لە دووریی پێویست دادەنرێت و پشكنین بۆ هەردوو چاوەكە بەجیا دەكرێت. تیژیی بینایی، واتە توانای جیاكردنەوەی وردەكاریی ئەو پیت و ژمارانە نەك هەر بەتەنیا بینینی، چونكە زۆر جار پیتەكان دەبینرێن، بەڵام نازانرێت چ پیتێكە، یان ئاڕاستەی هێماكەی بۆ كوێیە. تابلۆی ژمارە و پیتەكان لە دووری شەش مەترەوە دادەنرێن، یان دوورییەكەی بە گوێرەی گەورەیی و بچووكی ژووری پشكنین و قەبارەی پیتەكان رێكدەخرێت. پشكنینی بینایی بۆ نزیك لە دووری 25 بۆ 40 سانتیمەترم بە تابلۆی بچوكی تایبەت دەكرێت. بە شێوەیەكی گشتی لەسەر تابلۆكان پێنج جۆر پیت و ژمارە هەیە، ئەوانیش: پیتی C بە ئاڕاستەی جیاواز، پیتی E بە ئاڕاستەی جیاواز، پیتەكانی زمانی ئینگلیزی، یان هەر زمانێكی دیكە، ژمارەكان لە 1 هەتا 9، پێویستە نەخۆشەكە لە بارێكی تەندروستیی جەستەیی و دەروونی باشدا بێت و زۆر ماندوو نەبێت، لەو كاتەدا كاریگەریی ماددەی هۆشبەر و ئەلكهولی لەسەر نەبێت. بینایی باش ئەوەیە كە 6/6 ببینێت، واتە ئەو شتەی پێویستە لە دووری ٦ مەترەوە ببینرێت، ئەمیش لەهەمان دوورییەوە بتوانێت بیبینێت. ئەگەر چاوەكان كز بووبێتن، ئەوا ٦/9 دەبینن، واتە ئەو شتەی پێویستە لە دووری 9 مەترەوە ببیندرێت، ئەم لە دووری ٦ مەترەوە دەیبینێت. ئەگەر لەوە كزتر بووبێت، ئەوا ٦/12، ٦/18، ٦/24، ٦/36، ٦/48، ٦/60 دەبینێت. واتە هەتا ژمارەكە گەورەتر بێت، چاوەكە كزترە. بۆ نموونە ئەگەر كەسێك ٦/٦0ی بینی، واتە ئەو پیتەی كە پێویستە لە دووری 60 مەترەوە ببینێرت، ئەم بەهۆی زۆر دابەزینی بیناییەوە تەنیا لە دووری ٦ مەترەوە دەتوانێت جیای بكاتەوە، بەڵام خەڵكی ئاسایی لە دووری 60 مەترەوە دەیبینن. بۆ ئەو كەسانەی ئیشی زۆر وردەكارییان هەیە، وەكو فڕۆكەوان و قەناس بەدەست، پێویستە رادەی بیناییان ٦/٥ یان ٦/٤ بێت، واتە لە تێكڕای خەڵكی ئاسایی تیژتر ببینن. ئەم پشكنینە لەبەر ئەوەی پشت بە قسەی نەخۆش دەبەستێت زۆر ورد نییە، دوو رێگای دی هەیە بۆ زانینی رێژەی كزبوونی چاو، پشكنینی كۆمپیوتەری و پشكنینی رێتینۆسكۆپ، كە ئەمەی دواییان لەلایەن پزیشك و پشكنەری چاو دەكرێت و زۆر ورد و درووستە، لە پشكنینی كۆمپیوتەریدا دەبێت پلەی چاوەكە سفر بێت (0.00) ئەگەر كزبوو، لە چارەك (0.25) و نیو (0.50) دەست پێ دەكات، هەتا پلەكەی بەرزتربێت واتە چاوەكە كزترە، كزبوونێكی كەم لەچاودا كە هەستی پێنەكرێت و كاریگەریی لەسەر كەسەكە نەبێت، پێویستی بە چارەسەر و چاویلكە نابێت.