ئایا كیسی هێلكەدان مەترسیی هەیە؟

ئایا كیسی هێلكەدان مەترسیی هەیە؟
كیسی هێلكەدان (Ovariancyst)، یان كیسی سادە بە شێوەیەكی ئاسایی پەیدا دەبن و بەشێكن لە كرداری سروشتیی سووڕی مانگانە، یان دەرپەڕینی هێلكۆكە Ovulation لە هێلكەداندا. ئەم حاڵەتە بە تەواوی جیاوازە لەگەڵ پەیدابوونی فرەكیسی POS كە پەیوەستە بە هۆرمۆن و كیسی شێرپەنجەیی هێلكەدان، كیسەكان پڕن لە شلە و دەكەونە سەر، یان ناو هێلكەدانەوە. كیسی هێلكەدان بەپشكنینی سۆنار بە ئاسانی دەستنیشان دەكرێت، زۆربەی حاڵەتەكانی كیسی هێلكەدان سادەن و پاكن و لەخۆیانەوە بێ چارەسەركردن لە ماوەی (یەك تا سێ) مانگدا نامێنن، هەروەها زۆربەیان بێ نیشانەن، تەنیا لە چەند حاڵەتێكی دەگمەندا نەبێت كە لەبەر گەورەبوونی قەبارەیان دەتەقن و دەبنە هۆی خوێنبەربوونی ناوەوە، ئەوكاتە چەند نیشانەیەك لە تووشبوودا دەردەكەون، وەكو: ئازار لە بەشی خوارەوەی سكدا، هێڵنج، هەستكردن بە ئازار، یان ناڕەحەتی لە مەمكدا، ئەگەرچی لە زۆربەی حاڵەتەكاندا پێویست بە هیچ دەرمانێك ناكات، بەڵام تەنیا بەدواداچوون و پشكنینی سۆنار پێویست دەكات بۆ دڵنیابوون لە نەمانی كیسەكان. بەهەرحاڵ، ئەگەر كیسی هێلكەدان بچووك نەبێتەوە و قەبارەكەی لە( 5 بۆ 10)سانتیمەتر زیاتر بێت، یان دوچاری ئاڵۆزیی وەكو ئازاری توند، یان خوێنبەربوون بێت، ئەوا پێویست بە نەشتەرگەی بە پێنۆڕی سك (Laparoscopy)، یان بە نەشتەرگەری ئاسایی دەكات.
Top