سووان، یان داڕوشانی جومگەی ئەژنۆ (سەوەفان Osteoarthritits) باوترین جۆری هەوكردنی جومگەیە و بریتییە لە :سووانی چینی كڕكڕاگەیی سەر كۆتایی ئێسكە بەشدابووەكانی جومگە، حاڵەتەكە بەگشتی چوار قۆناخی هەیە: قۆناغی یەكەم كە بریتییە لە :گەشەیەكی كەمی نوكە ئێسك Bone spur لە كۆتایی ئێسكە بەشداربووەكانی جومگەدا، بەگشتی تووشبوو هەست بە ئازار، یان ناڕەحەتیی جومگە ناكات. قۆناغی دووەمیان سووك(Mild)ـە كە ماوەی نێوان جومگە ئاساییە، كڕكڕاگە ئاساییە، بەڵام گەشەی ئێسك بە شێوەی نوك لە رۆخەكانی ئێسكی جومگە بەدی دەكرێت، بڕی شلەی ناو جومگە ئاساییە و كەم نەبۆتەوە، ئازار پاش پیادەڕۆیی بۆ ماوەیەكی زۆر، ئازار پاش راكردن، سخبوونی جومگە ئەگەر بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك جووڵەی پێنەكرێت لە نیشانە هەرەدیارەكانی ئەم نەخۆشییەن. قۆناغی سێیەم (مامناوەندی Moderate)ـە، واتە تێكچوونی چینی كڕكراگەی سەر ئێسكەكانی جومگە شێوەیەكی بەرچاو، تەسكبوونەوەی ماوەی نێوان ئێسكەكان، ئازار لەكاتی پیادەڕۆیی و راكردن و چەماندنەوەی ئەژنۆدا، سخبوونی جومگە پاش دانیشتن بۆ ماویەكی زۆر، یان پیادەڕۆیی بەیانیان پاش لەخەوهەڵسان، ئاوسانی جومگە پاش پیادەڕۆیی بۆ ماوەیەكی زۆر لە نیشانە كانی ئەم نەخۆشییەن. قۆناغی چوارەم (سەخت Severe)ـە، كە نیشانەكانی بریتین لە ئازار و ناڕحەتی زۆر لەكاتی پیادەڕۆیی، یان هەر جووڵەیەكی دیكەی ئەژنۆ، ماوەی نێوان ئێسكەكانی ناو جومگە یەكجار كەم دەبێتەوە، كڕكڕاگەی سەر ئێسكەكان بە تەواوی نامێنێت، بۆیە جومگە بە تەواوی سخ دەبێت و توانای جووڵاندن لەدەست دەدات، شلەی ناو جەمگە یەكجار كەم دەبێتەوە و چیتر بە مەبەستی كەمكردنەوەی لێكخشان و ئاسانكردنی جووڵە توانای چەوركردنی بەشەكانی جومگەی نامێنێت.