هەوكردنی گەدە Gastritis بریتییە لە سووتانەوە، یان هەوكردنی ناوپۆشی گەدە، نیشانەكانی بریتین لە: هەستكردن بە ناڕەحەتی، یان ئازاری گەدە، دڵەكزێ، هێڵنج، یان رشانەوە كە لەوانەیە خوێنی لەگەڵ بێت بە رەنگی قاوە، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، سكئێشە، كۆبوونەوەی گاز، رەشبوونی رەنگی پیسایی. جگە لە بەكارهێنانی دەرمان، پێویستە لەسەر تووشبوو لەگەڵ هەستكردن بە هەوكردنی گەدە جۆری خۆراك و شلەمەنییەكان بە شێوەیەكی بەرچاو بگۆڕدرێت، چونكە گەلێك خۆراك بارەكە توندتر دەكەن، هەندێك خۆراكیش هانی زووتر چاكبوونەوە دەدەن، بۆنموونە، ئەو خۆراكانەی كە میكرۆبی گەدە (هێلیكۆبەكتیر پایلۆری H.pylori) لەناودەبەن، وەكو برۆكۆلی و سیر. ئەو خۆراكانەی كە بە پرۆبایۆتیك Probiotic دەوڵەمەندن بریتین لە، هەوێن و بەكتریای سوودبەخش بۆ كۆئەندامی هەرس كە هانی چاكبوونەوەی ناوپۆشی گەدە دەدەن، بۆنموونە، زەنجەبیل، سركەی سێو، زەردەچۆ، ئەناناس، شیرەی چەوەندەر، شیرەی گێزەر، چای سەوز، هەروەها ئەو خۆراكانەی كە بە ڤیتامین A دەوڵەمەندن، چونكە ئەم ڤیتامینە هاندەرە بۆ فرمانی دروستی لینجە پەردەكان و چاكبوونەوەیان، بۆنموونە، جگەر، گێزەر، سپێناغ، هیلیۆن، پەتاتەی شیرین، خۆخ، قەیسی. پێویستە كە تووشبوو دووركەوێتەوە لە هەندێك خۆراك و شلەمەنی كە سووتانەوەی گەدە توندتر دەكەن، وەكو قاوە، شوكولاتە، بیبەری تیژ، هەویركارییەكان، شیرینی، خۆراكی پرۆسێسكراو، سۆدا، شلەمەنییە وزەبەخشەكان، خۆراكی خێرا، سۆیا.