بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن Hypertension نەخۆشییەكی درێژخایەنی كۆئەندامی دڵ و سووڕانە، بریتییە لە بەرزبوونەوەی بەردەوامی پەستانی خوێن لەناو خوێنبەرەكاندا. بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن ئەگەر بە باشی كۆنترۆڵ نەكرێت لەوانەیە ببێتە هۆی ئاڵۆزیی مەترسیدار، بۆنموونە، نۆرەی دڵ، یان جەلتەی مێشك كە لەوانەیە كوشندە بن. لە راپۆرتەكانی رێكخراوی تەندروستییی جیهانیدا WHO هاتووە: گەشەی پیشەسازیی خۆراكی ئامادەكراو كە بە بڕی زیادی خوێ باركراوە و لە سەرتاسەری جیهاندا رەواجی زۆری هەیە، هاندەرە بۆ ئەگەری تووشبوون بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، هەروەها بەتەمەنداچوون، بوونی مەیلی زگماكی، یان مەیلی خێزانی، كێشی زیاد و قەڵەوی، كەمیی چالاكیی فیزیكی، جگەرەكێشان، زیاد خواردنی سۆدیۆم(خوێ) و كەمیی پۆتاسیۆم لە خۆراكدا.پێوانەی پەستانی ئاسایی خوێن بریتییە لە 120/80 ملم جیوە، هەر پێوانەیەك لەم ژمارانە زیاتر بێت ئەوا بە پەستانی بەرز هەژمار دەكرێت. بەگشتی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بێ نیشانەیە، بەڵام كە یەكجار زۆر بەرزدەبێتەوە ئەوا چەند نیشانەیەك پەیدادەكات، وەكو زەنگی مەترسی بۆ روودانی ئاڵۆزییەكان كە بریتین لە: سەرئێشەیەكی توند، هەستكردن بە ماندووبوون و شێوان، تێكچوونی بینین، سینگ ئێشە، قورسبوونی هەناسە، ناڕێك بوونی لێدانەكانی دڵ، بوونی خوێن لەگەڵ میزدا، هەستكردن بە قورسایی و ناڕەحەتی لە سینگ، یان مل، یان لە گوێیەكاندا.