پێکهاتە و سوودەکانی هەنگوین بزانە

پێکهاتە و سوودەکانی هەنگوین بزانە
ئەگەرچی هەنگوین سروشتییە، بەڵام هەر کەوچکێکی بڕی 5.6 گرام شەکری تێدایە و تامەکەشی بەهۆی جۆری گوڵەکانەوە دەگۆڕێت.

بەشێوەیەکی گشتی، هەنگوین 40%ی فروکتۆز و 30%ی گلوکۆزە، ئەوی دیکەشی، لە ئاو، کانزاکانی وەک پۆتاسیۆم، کالیسیۆم و مەگنیسۆم پێکهاتووە (ئەگەر سروشتی بێت).

هەنگوین کالۆری زیاتری لە شەکر تێدایە، بەڵام بەهۆی شیرینییەکەی، بڕێکی کەمتری لێ دەخورێت تاکو شەکر.

ئایا هەنگوین سوودی بۆ هەستیاریی (حەساسیەت) و هەستیارییە وەرزییەکان هەیە؟

لە ساڵی 2011 لە فینلەندا توێژینەوەیەک کرا لەسەر ئەو کەسانەی لە مانگی ١١ بۆ مانگی سێ رۆژانە هەنگوینیان دەخوارد، دەرکەوت، ئەو کەسانە 60% کەمتر نیشانەکانی هەستیارییان تێدا دەردەکەوت بە بەروارد بەو کەسانەی کە دەرمانیان بەکار دەهێنا.

سەرەڕای ئەنجامدانی چەند توێژینەوەیەک، هێشتا توێژینەوەی تەواو و بەرفراوان ئەنجام نەدراوە تا ئەوە بسەلمێنێت کە هەنگوین بۆ هەستیاریی بە سوودە.

ئایا هەنگوین بۆ کۆکە و قورگ ئێشە باشە؟

چەند توێژینەوەیەک ئەوەیان سەلماندووە، هەنگوین کۆکەی شەوان هێوردەکاتەوە و خەوێکی باشترمان پێدەبخشێت، هەروەها هەوکردنی قورگ کەمتردەکاتەوە، بەڵام لە دەرمانەکانی کۆکە باشتر نین.

هەنگوین و چارەسەرکردنی برین

هەنگوین ماددەی دژە بەکتریای سرووشتی تێدایە و چارەسەری برینەکان دەکات، ئەمەش بە تەواوی لە توێژینەوەکان سەلمێندراوە.

هەروەها، هەنگوین یارمەتی گەشە شانەکان دەدات و بازنەی برینەکان بچووک تر دەکاتەوە. هەر ئەمەش وای لێدەکات، بۆ چەند نەخۆشییەکی پێست باشبێت.

ئایا هیچ مەترسییەک لە خواردنی هەنگوین هەیە؟

ئەگەری هەیە منداڵی خوار تەمەن یەک ساڵ دووچاری نەخۆشی Botulism ببێتەوە، کە نەخۆشییەکی زۆر مەترسیدارە، بۆیە پزیشکان رێنمایمان دەکەن، هەنگوین نەدەین بە منداڵ تا تەمەنی لە یەک ساڵ زیاتر دەبێت.

هەروەها، بەهۆی بوونی شەکر لە ناوی هەنگویندا، ددانەکان زیانیان پێدەگات، بۆیە دەبێت هۆشیارانە بخورێت.

سەرچاوە:

K24 – هه‌ولێر

BBC
Top