هەموو شتێك دەربارەی شێرپەنجەی کۆڵۆن و رێکە
شێرپەنجەی کۆڵۆن جیاوازی لەنێوان خانمان و پیاوان ناکات و تووشی هەردوولا دەبێت، بەڵام بە تایبەت لەدوای 50 ساڵی نەخۆشییەکە زۆر بڵاوە و پێویستە پشکنینی زیاتر بکرێن، هەروەک لەم ساڵانەی دواییدا شێرپەنجەی کۆڵۆن لە نێو ئەوانەی لە 50 ساڵیش کەمترن، روو لە زیادیکردووە.
شێرپەنجەی کۆڵۆن و رێکە تووشی کۆڵۆن و رێکەی مرۆڤ دەبێت، پێکەوە ناودەبرێن، چونکە نیشانەکانیان لەیەکدی دەچن.
بەربڵاوی شێرپەنجەی کۆڵۆن و رێکە، لەدوای شێرپەنجەکانی پێست، لەنێو ژنان و پیاوان بە سێیەم بەربڵاوترین جۆری شێرپەنجە دادەندرێت.
لە وڵاتێكی وەک ئەمریکا ساڵانە 101 هەزار حاڵەتی شێرپەنجەی کۆڵۆن تۆماردەکرێن، هەروەها 44 هەزار شێرپەنجەی رێکە تۆماردەکرێن، بە دووەم هۆکاری مردن بە شێرپەنجە دادەندرێن، پێشبینیدەکرێت ئەمساڵ 51 هەزار تووشبووی شێرپەنجەی کۆڵۆن و رێکە گیانلەدەستبدەن.
هۆکارە رێگەخۆشکەرەکانی تووشبوون جیاوازن، بەڵام زۆرخواردنی گۆشتی سوور و برژاوەکان، جگەرەکێشان و کحوول خواردنەوە، قەڵەوی و کەمجووڵان، بەساڵاچوون و نەخۆشییەکانی کۆڵۆن لە هۆکارە مەترسیدارەکانن بۆ تووشبوون.
خۆپاراستن لە شێرپەنجەی کۆڵۆن و رێکە هەنگاوی دروستی دەوێت. پشکنینی پێشوەختەی نەخۆشییەکە کە بە سەردانیکردنی پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر، یان پزیشكی نەشتەرگەری گشتی دەبێت، رێکخستنی کێش، جووڵە و خۆراکی دروست هەروەها وازهێنان لە جگەرە و کحوول هەنگاوەکانی دیکەی خۆپاراستنن.
لە ئەمریکا مانگی هۆشیارییە لەبارەی شێرپەنجەی کۆڵۆن و رێکە
لە ئەمریکا ئەم مانگە وەک مانگی بەرزکردنەوەی هۆشیاریی لەبارەی شێرپەنجەی کۆڵۆن و رێکە دیاریکراوە. تێیدا کۆمەڵە پزیشكییەکان، ئەوانەی تووشبووی شێرپەنجەن و ئەوانەی چاکبوونەتەوە پێکەوە کۆدەبنەوە و هۆشیاری لەبارەی نەخۆشییەکە بڵاودەکەنەوە.
لە مانگی ئازار سەرجەم دەستە پزیشکییەکان و بەشداربووانی چالاکییەکان، جلوبەرگی شین دەپۆشن و بەشداری لە چالاکییە رۆشنبییرییەکان دەربارەی شێرپەنجەی کۆڵۆن و رێکە دەکەن.
سەرچاوە: رووداو- هەولێر