هەموو شتێک لەبارەی بەخشینی خوێن بزانە
بەخشیی خوێن قسەی زۆری لەسەر دەکرێت و هەندێک کەس بە هەڵە پێناسەی بۆ دەکەن، بەڵام راستییەکان بەم شێوەیەن.
جێسا مێریل، وتەبێژی خاچی سووری ئەمەریکی دەڵێت: "خوێن بەخشین لە ئەمەریکا بە یاسا رێکخراوە، گرنگ نییە کەسەکە تەمەنی چەندە، بەڵام نابێت لە 17 ساڵ تەمەنی کەمتر بێت، لە 50 کیلۆش کێشی کەمتر بێت و رەچاوی بەرزی باڵا و کێشی کەسەکەش دەکرێت".
چۆن دەزانیت کە تۆ دەتوانیت خوێن ببەخشیت؟
خوێن وەرگر چەند پرسیارێک لە بارەی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان لە خوێن بەخشەکە دەکات و پشکنینیش بۆ دڵنیایی دەکات.
هەروەها، پشکنینی ئاستی همیۆگلۆبین دەکرێت چونکە لەو رێگەیەوە دەکرێت لە رێژەی ئاسن لە خوێندا دەڵنیا ببینەوە.
ئاسن رۆڵی زۆری هەیە لە دووبارە دروستکردنەوەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن، ئەگەر کەسێک ئاسن لە خوێنیدا کەم بێت، رەنگە رێگای پێنەدرێت خوێن ببەخشێت.
جیا لەوەش، دەبێت پزیشکەکە، فشاری خوێنی کەسەکە بزانێت و دڵنیا بێت لەوەی دڵی بەشێوەیەکی ئاسایی لێدەدات، بەهیچ جۆرێکیش نابێت خوێن بەخشەکە لەو کاتەدا نەخۆش بێت.
قسە باوە هەڵەکان
زۆر قسە لەبارەی خوێن بەخشین دەکرێت، بۆ نموونە باس لەوە دەکرێت کەسێک ئەگەر تاتۆی هەبێت نابێت خوێن ببەخشێت، ئەمەش هیچ بنەمایەکی بۆ نییە.
هەروەها، پێویست ناکات بزانی جۆری خوێنەکە چییە تاکو خوێن ببەخشی چونکە پشکنینیت بۆ دەکرێت و جۆری خوێنەکەت پێ رادەگەیندرێت.
پێش خوێن بەخشین دەبێت چی بکەین؟
دەبێت پێش خوێن بەخشین ئەو خواردنانە بخۆین کە بە ئاسن و ڤیتامین سی دەوڵەمەندن وەکو گۆشتی سوور، ماسی، پاقلەمەنییەکان و سپیناخ.
هەروەها، نابێت ماندوو بیت و دەبێت شەوی پێش خوێن بەخشینەکە باش نووستبی، خواردنەوەی ئاوی پێویستیش زۆر گرنگە.
سوودەکانی خوێن بەخشین:
کەمکردنەوەی رێژەی ئاسن و خڕۆکەی سوور (بۆ ئەوانەی خوێنیان زۆرە).
ئەنجامدانی پشکنینی خوێن و ئاگادارکردنەوەت لە کێشە تەندروستییەکان.
بەخشینی هەر بوتڵێک خوێن سووتانی 650 کالۆری لەگەڵدایە
لە رووی دەروونی و فیزیکییەوە خوێن بەخشەکە هەست بە باشبوون دەکات
بە رێژەیەکی کەم نەخۆشییەکانی دڵ کەمدەکاتەوە.
کاریگەرییە لاوەکییەکان:
ئەگەرخوێن بەخشین بەگوێرەی رێنماییە پزیشکییەکان بێت، کاریگەری لاوەکی ئەوتۆی نییە، تەنها ئەگەر هەیە دوای خوێن بەخشینەکە، هەست بە گێژ بوون، لاوازی و هەستکردن بە رشانەوە بکەیت، ئەمەش زیاتر لەو کەسانە روودەدات کە ئاسن لە خوێنیان کەمە.
تێبینی: دەبێت جیاوازی ماوەی هەر خوێن بەخشینێک 12 هەفتە بۆ پیاوان و 16 هەفتە بۆ خانمان بێت، ئەمەش بۆ ئەوەیە، خانەکانی خوێن بە تەواوی بگەڕێنەوە بۆ رێژەی ئاسایی خۆیان.
سەرچاوە: K24 – ههولێر
Buisness Insider
Medical News Today