زۆبەمان پاش مەشقی وەرزشی حەز لە خواردنەوەی شلەمەنی دەكەین، بەڵام كام شلەمەنی؟ لێكۆڵەران جەخت دەكەنەوە كە لەكاتێكدا كە مەشقی وەرزشی هاندەرە بۆ ئارەقەكردن و ونكردنی شلەی لەش، بەڵام خواردنەوەی هەندێك شلەمەنی پاش مەشقی وەرزشی هۆكارە بۆ زیاتر وشكبوونەوەی لەش، ئەمەش راستییەكی پزیشكییە كە كەمبوونەوەی شلەی لەش كاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر تەندروستیی گورچیلەكان هەیە. سۆدا Soda و شلەمەنییە گازدارەكانی دیكە لەو جۆرە شلەمەنییە ناتەندروستییانەن كە پسپۆڕان هەرگیز پێیان باش نییە لەپاش مەشقی وەرزشی بخورێنەوە. ئەمەش روونكراوەتەوە كە سۆدا و ئەو شلەمەنییانەی كە بە شەكر و كافائین باركراون، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە و قەڵەوی زیاد دەكەن. لەكاتی ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی بەتایبەتی لە كەشی گەرمدا، بە مەبەستی پاراستنی ئاوی لەش و رێكخستنی پەستانی خوێن لێشاو یان سووڕی خوێن لەناو گورچیلەكاندا كەم دەبێتەوە، ئەمەش كاردانەوەیەكی ئاسایی لەشە و هیچ زیانێكی تەندروستیی لێ ناكەوێتەوە، بەڵام دابەزینی توندی لێشاوی خوێن لە گورچیلەكاندا زیانی تیژ بە شانەكانی دەگەیەنێت Acute kidney injury لەبەر كەم گەیشتنی ئۆكسجین بە شانەكانی گورچیلە. تێبینی ئەمەش كراوە كە ئەگەری ئەم حاڵەتە لە ئەنجامی خواردنەوەی شلەمەنییە ناتەندروستەكان لەكاتی، یان لەپاش مەشقی وەرزشیدا زیاد دەبێت، كەچی بە خواردنەوەی ئاو ئەم ئەگەرە نامێنێت.