زیاد دانیشتن پەستی پەیدادەكات

زیاد دانیشتن پەستی پەیدادەكات
ئایا قەت تێبینی ئەمەت كردووە كە پاش دانیشتن بۆ ماوەیەكی زۆر هەست بە ناخۆشیی مەزاج دەكەیت؟ ئەمە سەلمێنراوە كە زیاد دانیشتن زیانی زۆر بە تەندروستیی فیزیكی دەگەیەنێت، بۆ نموونە: كەمبوونەوەی ئاستی گشتیی وزەی لەش، خاوبوونەوەی كرداری میتابۆلیزم Metabolism، هەستكردن بە تەنیایی و دڵتوندی، زیادبوونی كێشی لەش، ئازاری درێژخایەن، بەتایبەتی لە ناوچەی پشتدا كە لەوانەیە بە تێپەڕبوونی كات ببێتە ئەگەری داخورانی دیسكی نێوان بڕبڕەكانی پشت، كەمبوونەوەی چالاكی و كارامەیی كۆمەڵایەتی، نەخۆشیی دڵ، نەخۆشیی شەكرە و چەند جۆرێكی شێرپەنجە. لە لایەكی دیكەوە، پسپۆڕان جەخت دەكەنەوە كە زیاد دانیشتن و كەمیی جووڵە و كەم سەرفكردنی وزە، ئەگەری پەستی زیاد دەكات، بۆنموونە: زیاد سەیركردنی تەلەڤزیۆن، یاری ڤیدیۆیی، خوێندنەوەی بەردەوام، ئیشی ئۆفیس، تەنانەت زیاد دانیشتن لە دەوری مێزی ژەمی ئێوارە. لە چەندین لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە ئەو قوتابییانەی زانكۆ كە رۆژانە بۆ ماوەی دوو كاتژمێر، یان زیاتر، بەرانبەر شاشە دادەنیشن، ئەگەری تووشبوونیان بە نیشانەكانی خەمۆكی بە بەراورد لەگەڵ هاوەڵەكانیان كە ماوەی كەمتر بەرانبەر شاشە بەسەردەبەن، تا رێژەی 36% بەرزدەبێتەوە، هەروەها زیاد دانیشتن پەیوەندیی هەیە بە ئەگەری نەخۆشیی شەكرە كە كاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر باری دەروونی هەیە.
Top