ئەنفلوەنزای گەدە Stomach Flu نەخۆشییەكی گوازراوەیە، بریتییە لە هەوكردنی گەدە و ریخۆڵە بە ڤایرۆس. ڤایرۆسەكانی هەوكردنی گەدە و ریخۆڵە هیچ پەیوەندییان بە ڤایرۆسەكانی ئەنفلوەنزای وەرزی، یان ئەنفلوەنزای كۆئەندامی هەناسەوە نییە، بە شێوەیەكی سەرەكی دوو جۆر ڤایرۆس هۆكارن بۆ ئەنفلوەنزای گەدە، كە بریتین لە: نۆرۆڤایرۆسەكان Noroviruses كە بە رێگای خۆراك و ئاو و بەركەوتنی راستەوخۆ دەگوازرێنەوە، هەروەها رۆتاڤایرۆسەكان Rotaviruses كە زیاتر لە منداڵدا بەدی دەكرێن، هەندێك جاریش هەر دوو جۆری ڤایرۆس بە یەكەوە بەهۆی ئاو، یان خۆراكی ئالوودەبوو، هەوكردنی گەدە و ریخۆڵە پەیدا دەكەن. نیشانەكانی ئەنفلوەنزای گەدە: ئازاری گەدە، سكچوون، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش، هێڵنجدان كە لەوانەیە هاوكات بێت لەگەڵ رشانەوەدا، هەروەها تووشبوو دوچاری بێهێزیی گشتی دەبێت، كە بۆ ماوەی یەك تا دوو رۆژ درێژە دەكێشێت، پاشان تووشبوو چاك دەبێتەوە، بەڵام لە منداڵ و بەساڵاچووان، یان ئەو كەسانەی كە لەبەر هەر هۆكارێك بەرگریی لەشیان لاواز بووە، ئەوا لەوانەیە كە مەترسی بكەوێتە سەر ژیانیان، بۆیە پێویستیان بە چاودێریی تایبەتی پزیشك دەبێت. تا ئێستا ڤاكسین یان چارەسەری تەواو بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسەكانی هەوكردنی گەدە و ریخۆڵە لە بەردەستدا نییە.