سووربوونەوەی چاو، یان سپێنەی چاو Redeye لەگەڵ بەرجەستەبوونی هێڵی وردی سوور، لەوانەیە كە دوچاری یەك یا هەر دوچاو ببێت، لەوانەشە كە هاوكاتبێت لەگەڵ وشكبوونی چاو، هەستكردن بە سووتانەوە و ناڕەحەتی لە چاودا، تەگەڵ لێڵبوونی بینین، یان هەستەوەری بەرانبەر بە تیشكی خۆر. سووربوونەوەی چاو بریتییە لە فراوانبوونی ئەو بۆڕییانەی خوێن كە كەوتوونەتە نێوان چینی لێكێنە Conjuctiva و سپێنەی چاو Sclera كە لە حاڵەتی ئاساییدا نابینرێن و بەرجەستە نین. هۆكاری دەرەكی و هۆكاری تایبەت بە چاو دەبنە ئەگەری سووربوونەوەی چاو، بۆ نموونە: هەستەوەریی چاو، بەركەوتنی چاو بە ماددەی كیمیایی، وشكبوونی چاو، پیسبوونی هەوا، زیاد بەركەوتن بە تیشكی خۆر یان گەرد و تۆز و هەڵم، كەمخەوی. چارەسەركردن: شووشتنی دەموچاو بە ئاوی سارد، بەكارهێنانی دڵۆپی شووشتنی چاو بەتایبەتی ئەو جۆرانەی كە ترشی بۆریك Boricacid و گیراوەی خوێ بە رێژەی دیاریكراو لەخۆدەگرن، یان ئەو جۆرانەی كە ماددەی تەسككردنەوەی بۆڕییەكانی خوێن لەخۆدەگرن. ئەگەر ئەم هەنگاوانەی سەرەوە بێ سوود بوون، ئەوا پێویست بە راستەوخۆ سەردانی دكتۆری چاو دەكات، بەتایبەتی ئەگەر سووربوونەوەی چاو لەگەڵ یەكێك لەم حاڵەتانەی خوارەوە هاوكات بێت: گرفت لە بینیندا، یان ڵێڵبوونی بینین، وشكبوونی چاو لەگەڵ خوراندن، هەستەوەریی وەرزی، دەردراوی زەرد، یان سەوز لە چاودا.