بە پێی راپۆرتە پزیشكییە ئەمریكییەكان، رێژەی تووشبوون بە خەمۆكی رێژەكەی دەگاتە نزیكەی 7% لە نەوجەوانانی كوڕ و كچدا، لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە نزیكەی 40%ی حاڵەتەكانی خەمۆكیی نەوجەوانان لە جۆری خەمۆكیی گەورەیە Majordepression. نیشانەكانی خەمۆكی لە نەوجەواناندا لەوانەیە كە بە ئاسانی دەستنیشان نەكرێن، چونكە گەلێك جار ئەو حاڵەتانە وەكو هەڵسوكەوتی ئاساییی نەوجەوانان دێنە بەر چاو. بەهەرحاڵ، نیشانە ئاگاداركەرەوەكانی خەمۆكی بریتین لە: ناڕەحەتی، هەستكردن بە ماندووبوون، گۆڕان لە شێوازی خەو، گۆڕان لە شێوازی خواردن، دووركەوتنەوە لە قەرەباڵخی، زوو هەڵچوون یان تووڕەبوون. نیشانەكانی تری خەمۆكیی نەوجەوانان ئەمانەن: زیادبوونی هەستی دژایەتی Hostility، كەمی وزە، نائومێدی، هەستكردن بە تاوان Guilt یان بێ بەهایی، گرفت بە خوێندن و قوتابخانە، زیادبوونی ئەگەری بەكارهێنانی دەرمان و خواردنەوەی ئەلكهول، بایەخ نەدان بە ئەندامەكانی جەستە و جلوبەرگ و پاكوخاوێن رانەگرتنیان، زیاد نیگەرانبوون سەبارەت بە تەندروستی، بەردەوام دەركەوتنی چەند نیشانەیەكی جەستەیی وەكو سەرئێشە یان پشت ئێشە یان دڵەكزێ، گوێنەدان بە سەلامەتیی جەستە، نەبوونی حەز و پاڵنەر بۆ هەموو چالاكییەكان، گرفت لە تەركیز، ناڕەحەتیی مەزاج، هەستكردن بە ئازاری ناڕوون لە بەشی جیاوازی لەشدا، بیركردنەوە لە خۆلەناوبردن.