بە خۆراك رێژەی كۆلیستیرۆڵ دادەبەزێنێت

بە خۆراك رێژەی كۆلیستیرۆڵ دادەبەزێنێت
ئەمە سەلمێنراوە كە هەندێك خۆراك رۆڵی گرنگیان هەیە بۆ دابەزاندنی كۆلیستیرۆڵ. شوفان Oats بۆ دابەزاندنی كۆلیستیرۆڵی خراپ تا رێژەی 5.3% لە ماوەی 6 هەفتەدا رۆڵی هەیە، چونكە ماددەی بیتا گلوكان Beta-glucan لەخۆدەگرێت كە كۆلیستیرۆڵی خراپ لە خوێنەوە هەڵدەمژێت. ماسی سالمۆن چەوری ئۆمیگا3 لەخۆ دەگرێت كە ئاستی كۆلیستیرۆڵی باش لە خوێندا تا رێژەی 4% بەرزدەكاتەوە. كاكڵەكان وەكو گوێز، باوی، بندق، فستق، كازو، ئەگەر رۆژانە بە بڕی پێنج گرام بخورێن ئەوا ئاستی كۆلیستیرۆڵی خوێن تا رێژەی 9.3% دادەبەزێنن.پاقلەمەنییەكان ئەگەر رۆژانە بخورێن ئەوا ئاستی كۆلیستیرۆڵی خراپ تا رێژەی 8% دادەبەزێنن، چونكە پاقلەمەنییەكان دەوڵەمەندن بە ریشاڵ كە كۆلیستیرۆڵ هەڵدەمژێت. بە هۆی ئەوەی كە كاكاو رێژەیەكی بەرزی لە ماددە دژەئۆكسانەكان تێدایە، خواردنی رۆژانەی كاكاو بە بڕێكی دیاریكراو لە ماوەی سێ مانگدا ئاستی كۆلیستیرۆڵی خراپ تا رێژەی 20% كەم دەكاتەوە. خواردنی رۆژانەی دوو تا سێ دەنكۆڵە سیر لەگەڵ رێگرتن لە مەیینی خوێن و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن هاوكات ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ بە شێوەیەكی بەرچاو دادەبەزێنێت. زەیتی زەیتوون ترشە چەورییە ناتێرەكانە MUFA لەخۆ دەگرێت، كە بۆ دابەزاندنی كۆلیستیرۆڵ و چەوریی ناوچەی سك رۆڵی هەیە. هەروەها ئاڤۆكادۆ كە ماددەی بیتا سیتۆستیرۆل Beta-sitosterol و ترشە چەورییە ناتێرەكانی تێدایە، ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ دادەبەزێنێت و ئاستی كۆلیستیرۆلی بەسوود لە خوێندا بەرزدەكاتەوە.
Top