لە بەریتانیا داوادەکرێت خانمان لە گەنجییەوە پشکنینی شێرپەنجەی مەمک بکەن

لە بەریتانیا داوادەکرێت خانمان لە گەنجییەوە پشکنینی شێرپەنجەی مەمک بکەن
دەزگایەکی تایبەت بە شێرپەنجەی مەمک لە بەریتانیا رایدەگەیێنێت دەبێت خانمانی لە مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمکن، زووتر پشكنینی پێشوەخەتە ئەنجامبدەن.

دەزگا تایبەتەکەی شێرپەنجەی مەمک لە بەریتانیا لەگەڵ زانکۆی مانچستەر توێژینەوەیەکیان لەسەر خانمانی تەمەن 35-40 ساڵان ئەنجامداوە، دەریخستووە ئەگەر زووتر پشكنینی پێشوەختەی مامۆگرافی بکرێت، شێرپەنجەکە لە قۆناخێكی سادەتر دەستنیشاندەکرێت.

دێلیس مۆرگا، سەرۆکی دەزگای تایبەت بە شێرپەنجەی مەمک دەڵێت ئێستا بەشێوەیەکی گشتی خانمان لە تەمەنی 40 ساڵان پشکنینی مامۆگرافیان بۆ دەکرێت، داوادەکات ئەو خانمانەی مێژووی نەخۆشییەکە لەنێو خێزانەکەیان هەیە، لە تەمەنی ٣٥ ساڵانەوە بپشکندرێن.

پرۆفیسۆر گارێس ئیڤانس، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی مانچستەر روونیدەکاتەوە پشكنینیان بۆ نزیکەی 2900 خانمی وڵاتەکە کردووە، کە تەمەنیان کەمتر بووە لە ٤٠ ساڵ، بەڵام مەترسیی تووشبوونیان زۆر یان مامناوەند بووە.

گارێس دەڵێت لەدوای پشکنین چەندین حاڵەتی شێرپەنجەیان دۆزیونەتەوە لەنێو خانمانی تەمەن کەمتر لە 40 ساڵان، بەمەش ئاشکرایدەکات بایەخدان بە پشکنینی ساڵانەی مامۆگرافی و لابردنی گرێی شێرپەنجەیی لە تەمەنی گەنجیدا و بەزوویی، پارێزەری ژیانی خانمەکەیە.


بڵاوترین شێرپەنجەیە لەنێو خانمان
شێرپەنجەی مەمک، بڵاوترین شێرپەنجەیە لەنێو خانمان، چواریەکی شێرپەنجەکانی خانمان پێکدێنێت، 12%ى خانمانی جیهان تووشی دەبن، بەڵام
پیاوانیش پارێزراو نین لە نەخۆشییەکە و مەترسیی تووشبوونیان هەیە.

ئامارەکانی شێرپەنجەی مەمک
بەگوێرەی ئامارەکان ئێستا نزیکەی 86 هەزار ژنی کەمتر لە تەمەنی 40 ساڵانە دەبێت پشکنینی پێشوەختەی مامۆگرافییان بۆ بکرێت. بەمەش خانمان زووتر دەستنیشاندەکرێن، کە ئێستا ساڵانە 55 هەزار حاڵەت تۆماردەکرێن، لەنێویاندا زیاتر لە 11 هەزار تووشبوو دەمرن، بەشێكی ئەوان کە دەکاتە 5%-15%ی تووشبووان لە خێزانەکەیان پێشتر حاڵەتی شێرپەنجەی مەمک تۆمارکراوە.

نیشانەکانی شێرپەنجەى مەمک
نیشانەکانی شێرپەنجەى مەمک جیاوازن، لەوانەش: بوونی گرێ لە مەمک یان لە بنباڵ، گەورەبوون و شۆڕبوونەوەی مەمک، پووکانەوە و رۆچوونی گۆی مەمک، سووربوونەوە یان پووکانەوەی پێستی مەمک، دەرچوونی شلەمەنی لە گۆی مەمک، ئازارێکی جێگیر لە مەمک و دەوروبەریدا.

کێ زۆرتر تووش دەبێت؟
99%ى تووشبووانی شێرپەنجەی مەمک ئافرەتن، بۆماوەیی، جگەرەکێشەکان و قەڵەوەکان زۆرتر تووشدەبن، هەروەها ئەو ئافرەتانەی منداڵیان نابێت و ئەوانەی شیری خۆیان نادەنە منداڵەکانیان، هەروەک ئەوانەی شێوازی ژیانیان ناتەندروستە زۆرتر لە مەترسیدان.

سەرچاوە:

رووداو- هەولێر
Top