حەبێکی نوێ دەبێتە جێگرەوەی دەرزی ئەنسۆلین بۆ چارەسەری شەکرە

حەبێکی نوێ دەبێتە جێگرەوەی دەرزی ئەنسۆلین بۆ چارەسەری شەکرە
تیمێكی پزیشکی پەیمانگەی تەکنۆلۆژی ماساشوسێتس کەپسولێک دروستدەکەن، لەڕێگەی دەم دەخورێت و ئەنسۆلین بە جەستە دەبەخشێت، دەتوانێت جێگەی دەرزی رۆژانەی ئەنسۆلین لە تووشبووانی شەکرەی دووەمی بگرێتەوە.

د. رۆبێرت لانگەر- پرۆفیسۆر لە پەیمانگەی تەکنۆلۆژی ماساشوسێتس، کە کەپسولە نوێیەکەیان دروستکردووە روونیدەکاتەوە: "قەبارەی بلوبێرییەکە و دەرزییەکی بچووکی تێدایە کە پڕە لە ئەنسۆلین، دوای ئەوەی دەگاتە گەدە لێدەدرێت، بڕی پێویست لە ئەنسۆلین بۆ کەمکردنەوەی رێژەی شەکری خوێن دەڕێژێت، هاوشێوەی ئەوەیە کە لەلایەن دەرزی پێست لێدەدرێت".

گیۆانی تراڤێرسۆ، یاریدەدەری پرۆفیسۆر لەگەڵ د. لانگەر و تیمێكی ئەندازیاری پزیشكی و پزیشكانی پسپۆڕ، پێکەوە چەندین ساڵە لە توێژینەوە بەردەوامن، دەیانەوێت لە رێگەی حەبێکی نوێ بتوانن ئەنسۆلین بە جەستە بدەن، بەمەش دەرزییەکەی نێو حەبەکە ئەنسۆلین دەڕژێنێتە نێو چینی نێوەوەی ریخۆڵە باریکە، بەشێوەیەک دروستکراوە کە جیاوازە لە حەبەکانی پێشووتر، خۆی لە ترشی گەدە دەپارێزێت و تاوەکو ریخۆڵە ناوەستێت.

پسپۆڕە بەشداربووەکانی دروستکردنی کەپسولە نوێیەکە دەڵێن چینی نێوەوەی گەدە هیچ وەرگرێكی ئازاری نییە، بەمەش نەخۆشەکە لەکاتی لێدانی دەرزییەکە لە گەدەی، هەست بە ئازار ناکات. روونیدەکەنەوە کاتێك حەبەکە ئەنسۆلینەکە بە جەستە دەدات، دەتوانێت زۆر بەئاسانی بە کۆئەندامی هەرس تێپەڕببێت.

تراڤێرسۆ دەڵێت ئامانجی سەرەکی ئەوان کەمکردنەوەی ئازاری نەخۆشەکانە بەتایبەت لەو دەرمانانەی کە دەبێت بە دەرزی لێبدرێت، ئاشکرایدەکات ئەمجۆرە رێگەیە دەتواندرێت جگە لە ئەنسۆلین بۆ نەخۆشەکانی دیکەش بەکاردێت کە پێویستییان بە دەرمانە لەڕێگەی دەرزی، لە نموونەی ئەوانەش دەرمانەکانی دابەزاندنی سیستەمی بەرگری لە تووشبووانی رۆماتیزمی جومگەکان.



سەرچاوە: رووداو- هەولێر
Top