پەستی Anxiety گەلێك جار دەگۆڕێت بۆ ترس یان تۆقین، ترس لە بارودۆخە كۆمەڵایەتییەكان بە تۆقینی كۆمەڵایەتی ناسراوە، بۆ نموونە قسەكردن لە شوێنی گشتیدا، خواردن لەگەڵ كەسانی دیكەدا، بەكارهێنانی تەلەفۆنی گشتی، خۆناساندن بە كەسانی دیكەو...تاد. ترس یان تۆقینی كۆمەڵایەتی Social phobia حاڵەتێكی باوە، بریتییە لە ترس و نیگەرانی لەكاتی تێكەڵبوون لەگەڵ كەسانی دیكەدا. كەسانی تووشبوو دەزانن و درك بەوە دەكەن كە پەستی و ترسەكەیان لۆجیكانە نییە و لە جێگای خۆیدا نییە، بەڵام ناتوانن لێی دەرباز ببن، بەهەرحاڵ زانینی شتێك لە گەڵ باوڕكردن و هەستكردن بە شتێك جیاوازە. تووشبوو دوچاری هەستێكی نێگەتیڤ دەبێت، بۆ نموونە كەسی توشبوو هەست بە ناڕەحەتی و دڵتەنگی دەكات، بەڵام لەكاتی تەنیابووندا هەست بە باشبوون دەكات. هەروەها لەكاتی ناساندنی بە كەسێك، یان رەخنەگرتن كە دەبێتە جێگای سەرنجی كەسانی تر، لەكاتی چاودێریكردنی كە كارێك ئەنجام دەدات، لەكاتی بینینی كەسی بەناوبانگ یان كەسانی دەستەڵاتدار، نزیكبوونەوە لە كەسانی بێگانە، یان لەكاتی بەستنی هەر جۆرە پەیوەندییەك توشبوو هەست بە ناڕەحەتی دەكات. تۆقینی كۆمەڵایەتی: ترسێكی توند، زیادبوونی لێدانەكانی دڵ یان دڵەكوتێ، سووربوونەوەی دەموچاو، زیاد ئارەقەكردن، وشكبوونی دەم و قوڕگ، دەست لەرزین، گرفت لە قووتداندا، گرژبوونی هەندێك ماسوولكەی لەش بەتایبەتی ماسوولكەكانی دەوری دەموچاو و مل، لە نیشانە جەستەییەكانی ئەم نەخۆشییەن.