لە چەندین لێكۆڵینەوەدا جەخت لەمە كراوەتەوە كە دابینكردنی بڕی تەواو لە چەند ڤیتامینێك لە رێگای خۆراكەوە تووشبووانی نەخۆشی شەكرە تا رادەیەكی باش لە ئاڵۆزییەكان دەپارێزێت، دەشتوانرێت بە رێنمایی دكتۆر یارمەتیدەری خۆراكی( Supplement) بە شێوەی حەب یان كەپسولی مەلتی ڤیتامین بەكاربهێنرێت. شەكرە Diabetesmellitus نەخۆشییەكی درێژخایەنە، كۆنتڕۆڵكردنی كارێگی زۆر گرنگە، كەسی تووشبوو پێویستە پابەندی پارێزی خۆراك و بەكارهێنانی دەرمان بێت. لە لێكۆڵینەوەكاندا ئەمەش روونكراوەتەوە كە لە زۆربەی حاڵەتەكاندا پێویست بە بەكارهێنانی ڤیتامینی جۆراوجۆر یان ماڵتی ڤیتامین دەكات. هەندێك جۆری ڤیتامین زۆر گرنگ و پێویستن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشیی شەكرە و رێگرتن لە ئەگەری روودانی ئاڵۆزییەكان، چونكە رۆڵی گرنگیان هەیە بۆ رێكخستنی ئاستی هۆرمۆنی ئینسولین لە لەشدا. ئەو ڤیتامینانەی كە بۆ نەخۆشیی شەكرە پێویستن و بە ڤیتامینەكانی شەكرە ناسراون بریتین لە: ڤیتامینەكانی A، C، B1، B2، B3، B6، B9، B12. بۆنموونە بڕی تەواوی ڤیتامین C لە لەشدا ئاستی شەكری سۆربیتۆل Sorbitol لە خوێندا دادەبەزێنێت، لەكاتێكدا كە زیادبوونی ئاستی ئەم جۆرە شەكرە لە خوێندا ئەگەری ئاڵۆزییەكان لە نەخۆشانی شەكرەدا زیاتر دەكات. ئەمە راستییەكی پزیشكی چەسپاوە كە هۆكاری هەموو ئاڵۆزییەكانی نەخۆشی شەكرە،دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی بەرزی شەكری خوێن.