تەندروستی جیهانی: شێرپەنجەی ملی منداڵدان بنەبڕدەکەین

تەندروستی جیهانی: شێرپەنجەی ملی منداڵدان بنەبڕدەکەین
رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایدەگەیێنێت کاری وردتر و جیدیتر لەسەر رێگەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشیی شێرپەنجەی ملی منداڵدان دەکەن و دەیانەوێت نەخۆشییەکە بنەبڕبکەن.

د. نۆتێمبا سیمبێلا، یاریدەدەری بەڕێوەبەری بەشی پزیشكی خێزان و منداڵ لە WHO دەڵێت ساڵانە زیاتر لە 330 هەزار ژن بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان دەمرن، کە 90%یان لە وڵاتە داهات کەم و داهات مامناوەندەکانن. بەڵام بە جێبەجێکردنی رێگە خۆپارێزییەکان، شێرپەنجەکە بنەبڕ دەکەن.

د. نۆتێمبا سیمبێلا دەڵێت بەگوێرەی ئامارەکانی بەردەستیان نەخۆشییەکە لەنێو هەژارەکان بەربڵآوترە، ئەوانەی لە نەخۆشییەکە تێدەگەن، دەتوانن خۆیان بپارێزن، کە ئێستا یەکێكە لە بەربڵاوترین جۆرە کوشندەکانی شێرپەنجە لەنێو خانمان.

د. نۆتێمبا سیمبێلا، یاریدەدەری بەڕێوەبەری بەشی پزیشكی خێزان و منداڵ لە WHO دەڵێ: "پەیامەکە بۆ ژنان و کچانی گەنج ئەوەیە کە پێکوتەیەکمان هەیە رێگە لە شێرپەنجەی ملی منداڵدان دەگرێ، بۆیە چەندە زووتر بگەیتە پێکوتەکە، باشترە".

هەروەها دەشڵێت: ""دواین راپۆرتی شێرپەنجەی جیهان دەریخستووە نزیکەی 330 هەزار خانم لە جیهاندا ساڵانە بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان دەمرن، زۆرینەی ئەوان کە دەکاتە 90% لەنێو وڵاتە هەژارنشین و داهات مامناوەندەکانن، ئەمەش دەریدەخات نەخۆشییەکە بە یەکسانی نییە، ئێمە دڵمان بەوە خۆشە کە ئامرازی باشمان لەبەردەستن، تەکنۆلۆژیای باش هەیە، میکانیزمی باش هەیە بۆ چارەسەری نەخۆشییەکە".

تەندروستی جیهانی روونیدەکاتەوە ساڵانە زیاتر لە 570 هەزار حاڵەتی نوی تۆماردەکرێن، نیوەیان گیانلەدەستدەدەن بە نەخۆشییەکە، بەڵام دەتواندرێت رێگە لەم نەخۆشییە کوشندەیە بگیرێت، ئەگەر پلانەکانی خۆپارێزی بەباشی جێبەجێبکرێن.



سەرچاوە: رووداو- هەولێر
Top