نوێترین چارەسەر بۆ جەڵتەی مێشك پێشنیازدەکرێت
دەستەی پزیشكانی دڵ لە ئەمریکا بە هاوکاری دەستەی پزیشکانی مێشك و دەمار لە ئەمریکا توێژینەوەکەیان ئەنجامداوە، دەڵێت لەڕێگەی نەشتەرگەرییەکی بچووک بۆ دانانی دەرمانێكی خوێنمەیاندن، هەروەها دەرکێشانی بڕێك لە خوێن بە بەکارهێنانی لوولەیەکی تایبەت، دەتوانێت پەستانی سەر مێشك کەمبکاتەوە و مەترسیی مردنی تووشبووان لاوازبکات.
د. ئەندرێو مۆلد، پسپۆڕی مێشک و دەمار لە بەشی نەخۆشییەکانی مێشک لە زانکۆی جۆن هۆپکینز لە ماریلاند دەڵێت: "هەبوونی خوێن لەنێو شانەکانی مێشک مەترسیدارە، چونکە ئەستووربوونی مێشک زیاددەکات، لەگەڵ خوینبەربوونەکە پێکەوە ئەگەری چاکبوونەوە کەمدەکەنەوە و دۆخی نەخۆشەکە تێکدەدەن، سەرەتا بە تێكچوونی قسەکردن دەستپێدەکات، نەخۆشەکە توانای جووڵەی نامێنێت و رەنگە ببێتەهۆی مردن".
پسپۆڕەکەی مێشك و دەمار ئاشکرایدەکات ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە بۆ لابردنی بڕێك خوێن لەنێو مێشك، یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی ئەستووربوون و خوینبەربوونی نێو مێشك، بەمەش کەسەکە روو لە باشبوون دەکات و ئەگەری چاکبوونەوە و رزگاربوونی نەخۆشەکە لەمردن زۆرتر دەبێت.سەرچاوە:رووداو- هەولێر