نوێترین چارەسەر بۆ جەڵتەی مێشك پێشنیازدەکرێت

نوێترین چارەسەر بۆ جەڵتەی مێشك پێشنیازدەکرێت
پسپۆڕانی مێشك و دەمار لە ئەمریکا توێژینەوەیەکیان لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی جەڵتەی مێشك بڵاوکردەوە، تێیدا باس لە چارەسەرێكی نوێ بۆ جەڵتەی مێشك بە تەقینی لوولەخوێنەکانی مێشك دەکەن.

دەستەی پزیشكانی دڵ لە ئەمریکا بە هاوکاری دەستەی پزیشکانی مێشك و دەمار لە ئەمریکا توێژینەوەکەیان ئەنجامداوە، دەڵێت لەڕێگەی نەشتەرگەرییەکی بچووک بۆ دانانی دەرمانێكی خوێنمەیاندن، هەروەها دەرکێشانی بڕێك لە خوێن بە بەکارهێنانی لوولەیەکی تایبەت، دەتوانێت پەستانی سەر مێشك کەمبکاتەوە و مەترسیی مردنی تووشبووان لاوازبکات.

د. ئەندرێو مۆلد، پسپۆڕی مێشک و دەمار لە بەشی نەخۆشییەکانی مێشک لە زانکۆی جۆن هۆپکینز لە ماریلاند دەڵێت: "هەبوونی خوێن لەنێو شانەکانی مێشک مەترسیدارە، چونکە ئەستووربوونی مێشک زیاددەکات، لەگەڵ خوینبەربوونەکە پێکەوە ئەگەری چاکبوونەوە کەمدەکەنەوە و دۆخی نەخۆشەکە تێکدەدەن، سەرەتا بە تێكچوونی قسەکردن دەستپێدەکات، نەخۆشەکە توانای جووڵەی نامێنێت و رەنگە ببێتەهۆی مردن".

پسپۆڕەکەی مێشك و دەمار ئاشکرایدەکات ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە بۆ لابردنی بڕێك خوێن لەنێو مێشك، یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی ئەستووربوون و خوینبەربوونی نێو مێشك، بەمەش کەسەکە روو لە باشبوون دەکات و ئەگەری چاکبوونەوە و رزگاربوونی نەخۆشەکە لەمردن زۆرتر دەبێت.سەرچاوە:رووداو- هەولێر
Top