كوتانی ئەنفلوەنزا بۆ هەڵامەت سوودی نییە

كوتانی ئەنفلوەنزا بۆ هەڵامەت سوودی نییە
گەلێك كەس پێیان وایە كە ڤاكسین یان كوتانی ئەنفلوەنزا Flushot بۆ هەڵامەت سوودی هەیە، بەڵام لە راستیدا ڤاكسینی ئەنفلوەنزا هیچ رۆڵی نییە بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە هەڵامەت یان سووككردنی نیشانەكان لەكاتی تووشبوون بە هەڵامەت، چونكە ڤایرۆسەكانی هەڵامەت جیاوازن لەگەڵ ڤایرۆسەكانی ئەنفلوەنزا. ڤایرۆسەكانی ئەنفلوەنزا لە جۆری و B و Aلە مرۆڤدا دەبنە هۆی ئەنفلوەنزای وەزری بەتایبەتی جۆری(H1N1) A، (H3N2)A، (H1N1)A.ئەنفلوەنزا نەخۆشییەكی گوازراوەیە، لەوانەیە سووك یان سەخت و كوشندەبێت، نیشانەكانی لە نیشانەكانی هەڵامەت سەختترن و بریتین لە: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش و هەستكردن بە سەرما(لەرز و تا)، كۆكە كە لەوانەیە خوێناوی بێت، كزانەوەی قوڕگ، زیادبوونی دەردراو و گیرانی لووت، ئازاری ماسوولكە و جومگەكان، سەرئێشە، هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكی. پاش 2 هەفتە لە كوتانی ئەنفلوەنزا ئینجا دژەتەن لە لەشدا دروست دەبن و بەرگری بەرانبەر بە ڤایرۆسی ئەنفلوەنزا دەستپێدەكات، بۆیە وا رێنمایی دەكرێت كە كوتانەكە لە كۆتایی مانگی تشرینی یەكەمدا وەربگیرێت، واتە بەر لە دەستپێكی وەرزی ئەنفلوەنزا. ئەگەرچی بەرگرییەكە بۆ ماوەیەك دەمێنێتەوە، بەڵام لەوانەیە كە بۆ ماوەیەكی زۆر كاریگەر نەبێت لەبەر ئەوەی كە هەر ساڵێك جۆرەكانی ڤایرۆسی ئەنفلوەنزا خۆیان دەگۆڕن، واتە ڤایرۆسەكان لە 2 وەرزدا جیاوازن بە مانایەكی تر، كوتانی ئەنفلوەنزا تەنیا بۆ یەك وەرز كاریگەری دەبێت.
Top