مانەوەی منداڵان بەدیار شاشەکان، گەشەیان دوادەخات
تیمێکی پزیشكانی پسپۆڕی دەرووندروستی زانکۆی کالگاری لە کەنەدا لە نوێترین توێژینەوەیاندا کە لەسەر 2500 منداڵ ئەنجامدراوە، بۆیان دەرکەوتووە زۆر مانەوەی منداڵان بەدیار شاشەکانی تەلەفزیۆن، کۆمپیوتەر و مۆبایلە زیرەکەکان، بە فراوانی کار لە گەشەیان دەکات، زیرەکیان لاوازدەکات، توانای شیکارکردنی گرفتەکانیان کەمدەکاتەوە و جووڵە خۆکردەکانی پەلەکانیان دوادەخات.
د. شێری مادیگان، پسپۆڕی دەرووندروستی و سەرپەرشتیاری توێژینەوە ئەمریکییەکە دەڵێت ئەو منداڵانەی زۆرترین ماوە بەدیار شاشەکانەوە دەمێننەوە، بەتایبەت لە تەمەنی 2-3 ساڵان مەترسییەکە زیاترە و کاتێك دەگەنە تەمەنی خوێندن، پلەیەک لاوازترن لە تواناکانی قسەکردن، گفتوگۆکردن، توانای جوڵە و پەیوەندییەکانی رۆژانەیان.
لەبارەی هۆکاری لاوازبوونی گەشەی ئەو منداڵانەی بە دیار شاشەکان دەمێننەوە، مادیگان دەڵێ لەکاتی سەیرکردنی شاشەکان منداڵان چەندین شتی وەک چالاکی و جووڵە لەدەستبدەن، کە لەدەوریان روودەدات.
سەرچاوە:رووداو- هەولێر