هەندێك جۆری خۆراك یارمەتیدرن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئاستی شەكری خوێن، لە هەمان كاتدا هەستی زوو برسیبوونیش كەم دەكەنەوە یان هەستی تێربوون بۆ ماوەیەكی درێژتر دەهێڵنەوە، ئەمەش سوودی زۆری هەیە بەتایبەتی بۆ تووشبووان بە نەخۆشیی شەكرە. كە ئاستی شەكری خوێن یان گلوكۆز بەرزدەبێتەوە (بەرزتر لە ئاستی ئاسایی) ئەوا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە زیاد دەبێت. خۆراكی كاربۆهیدراتی وەكو نان، دانەوێڵە، برنج، هەویركاری، شیرینی، شلەمەنییە شیرینكراوەكان، میوەی شیرین، شیر، هەموویان ئاستی شەكری خوێن بەرزدەكەنەوە، بۆیە پێویستە كە زۆر بە وردی چاودێریی خواردنی بڕی ئەم جۆرە خۆراكانە بكەیت. ئەو خۆراكانەی كە ئاستی شەكری خوێن جێگیر دەكەن بریتین لە: سەوزە جۆراوجۆرەكانی وەكو سپێناغ، بیبەری شیرین، گەڵای سڵق، جەرجیر، گەڵای توور، پیاز، تەماتە، كوارگ(قارچك)، كولەكە، لۆبیا و فاسولیای سەوز، دانەوێڵەی تەواو Whole grains، خۆراكی دەوڵەمەند بە ریشاڵ كە گرنگی زۆریان هەیە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئاستی شەكری خوێن، بۆنموونە (نۆك، پاقلە، فاسولیا، لۆبیا، نیسك) هەوڵ بدە كە هەموو جۆرەكانی سەوزە بە هەڵم Steaming ئامادە بكەیت بە مەبەستی پاراستنی چێژ و پێكهاتە گرنگەكانیان.