وەرزشکردن ئەگەری نەخۆشییەکانی دڵ دووهێندە کەمدەکاتەوە

وەرزشکردن ئەگەری نەخۆشییەکانی دڵ دووهێندە کەمدەکاتەوە
پزیشکانی پسپۆری دڵ لە زانکۆی نەرویج رایدەگەیێنن رۆژانە ئەنجامدانی چالاکی وەرزشی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکان دڵ دووهێندە کەمدەکاتەوە.

پزیشکە نەرویجیەکان لە توێژینەوەیەکدا پەیوەندییان دۆزیوەتەوە لەنێوان وەرزشکردن لەلایەک و کەمبوونەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ لەلایەکی دیکە و ئەنجامی توێژینەوەکەشیان لە جۆرناڵی ( European heart) بڵاوکردووتەوە.

بژارنی نێس، پزیشک و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی نەرویج دەڵێت: رۆژانە بەشێوەیەکی رێک و پێک ئەنجامدانی چالاکی جەستەیی بۆماوەیی 30 خولەک مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لولەکانی خوێن لەو کەسانەی فاکتەری مەترسیداریان بۆ تووشبوون هەیە کەمدەکاتەوە.

توێژینەوەکە لەسەر 4500 کەس ئەنجامداوە، دوای دە ساڵ بەدواداچوون بۆ بەشداربووان پزیشکە توێژەرەکان بۆیاندەرکەوتووە، ئەو کەسانەی فاکتەری مەترسیداریان بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ هەیە ئەگەر رۆژانە بەردەوام وەرزشبکەن ئەگەری تووشبوونییان بە رێژەی %50 کەمتردەبێتەوە.

پزیشکانی زانکۆی نەرویج وەرزشکردن بە یەکێک لە رێگە کاریگەرەکانی پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکانی دڵ دادەنێن و رێنماییدەدەن رۆژانە 30 خولەک وەرزشبکرێت لەوانەش پیادەڕەویکردن، راکردن و مەلەکردن ئەمەش چونکە پەستانی خوێن، رێژەی کۆلیسترۆڵی زیانبەخش و کێشی لەش رێکدەخەن.

فاکتەرە مەترسیدارەکان بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ بریتین لە قەڵەوی، بۆماوە، نەخۆشی شەکرە، جگەرەکێشان و کەمچالاکی.

سەرچاوە: رووداو- هەولێر
Top