تەندروستترین پێکهاتەکانی ژەمی بەیانی چین؟

تەندروستترین پێکهاتەکانی ژەمی بەیانی چین؟
پسپۆرێکی خۆراک لە ئەمریکا دەڵێت دەبێت خەڵکی گرنگییەکی زیاتر بە پێکهاتەکانی ژەمی بەیانیان بدەن بۆ ئەوەی کێشیان بە تەندروستی بمێنێتەوە.

د. ئیزابێل سمیز، پسپۆری خۆراک و دامەزرێنەری مەگەزینی ( خۆراک و تەندروستی) لە نیویۆرک روونیدەکاتەوە: "بەشێکی زۆری خەڵکی پێیانوایە زۆر خواردنی میوە لە ژەمی بەیانییان تەندروستە، بەڵام ئەمە بۆچونێکی هەڵەیە، ئەگەر باسی سوودەکانی میوە بکەین، بێگومان میوە سوودی زۆری هەن، بەڵام نابێت لە ژەمی بەیانییان تەنیا میوە بخورێت."

خۆراکناسە ئەمریکییەکە دەڵێت: "ژەمی بەیانییان یەکێکە لە گرنگترین ژەمەکان، بۆیە دەبێت پێکهاتەکانی رەنگاورەنگ و هەمەجۆر بن، دەبێت لەبەیانیان هەوڵبدرێت گرنگییەکی زیاتر بە سەوزە بدرێت ".

سەبارەت بە خواردنەوەکانی ژەمی بەیانییانیش خۆراکناسە ئەمریکییەکە ئاشکرایدەکات خواردنەوەی شەربەتە دەستکردەکان کارێکی هەڵەیە، چونکە ئەو شەربەتانە رێژەیەکی باش شەکریان تێدایە بەمەش کاریگەری نەرێنییان لەسەر تەندروستی هەیە.

د. ئیزابێل روونیدەکاتەوە ئاو و چا گرنگترین ئەو خواردنەوانەن کە دەبێت لە ژەمی بەیانییان گرنگییان پێبدرێت بەڵام داواشدەکات بڕێکی کەم شەکر بخرێتە نێو چا و قاوە.

پسپۆرەکەی خۆراک رایدەگەیێنێت تەندروستترین ئەو خۆراکانەی کە دەبێت لە ژەمی بەیانیان بخورێن بریتین لە هێلکەی کوڵاو، ماست، شۆفان، مشتێک چەرەس، مۆز و سپێناخ.




سەرچاوە: رووداو- هەولێر
Top