ژەمی خواردن پاش كاتژمێر 6ی ئێوارە زیانبەخشە

ژەمی خواردن پاش كاتژمێر 6ی ئێوارە زیانبەخشە
لە نوێترین لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە خواردنی ژەمی گەورە یان پڕكالۆری پاش كاتژمێر 6ی ئێوارەئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە و نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان زیاد دەكات، بۆنموونە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و حاڵەتی پێش نەخۆشیی شەكرە Pre-diabetes كە پاشان ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە و نەخۆشیی دڵ دێنە پێشەوە. وردتر لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە خواردنی هەر 1%ی پێویستی وزەی رۆژانە كە دەكاتە 20 كالۆری لە كۆی 2000 كالۆری پەیوەندی هەیە بۆ زیادبوونی بەرگریی بەرانبەر بە هۆرمۆنی ئینسولین و ئاستی بەرزتری شەكر لە كاتی پێش ژەمی بەیانیدا(خورینی). دواخستنی یان وەرگرتنی 30% یان زیاتری پێویستی كالۆریی رۆژانە بۆ پاش كاتژمێر 6ی ئێوارە پەیوەندی هەیە بە 23% زیادبوونی ئەگەری حاڵەتی پێش نەخۆشیی شەكرە و 19% زیادبوونی ئەگەری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.لە راپۆرتەكانی زانكۆی كۆلۆمبیای شاری نیویۆرك هاتووە كە كاتی خواردن گرنگی زۆری هەیە هاوكات لەگەڵ جۆر و چەندێتی خۆراك، هەروەها جەخت دەكەنەوە كە وەرگرتنی زۆربەی كالۆریی رۆژانە پێش كاتژمێر 6ی ئێوارە هەنگاوێكی ئەرێنی و تەندروستییانەیە. هەروەها پسپۆرانی تەندروستی رێنمایی دەكەن كە زۆربەی وزەی پێویستی رۆژانەت پێش كاتژمێر 6 ی ئێوارە بخۆیت، بەمەوە دەبیتە خاوەن تەندروستییەكی باشتری كۆئەندامی دڵ و سووڕان و هەنگاوێكی ئاكتیڤە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیی شەكرە.
Top