چۆن بەرگریی لەش بەهێز دەكەیت؟

چۆن بەرگریی لەش بەهێز دەكەیت؟
سستمی بەرگریی Immune system لەش پێكهاتووە لە تۆڕێكی خانە و شانە و ئەندام كە بە هەماهەنگی كار دەكەن بۆ پاراستنی لەش لە هەوكردن بە بەكتریا، ڤایرۆس، مشەخۆر، هەروەها كەڕووەكان، بۆیە بەهێزكردنی بەرگریی لەش زۆر پێویستە. گرنگیی مەشقی فیزكی بۆ بەهێزكردنی سستمی بەرگریی لەش بە پلەی یەكەم دێت، بۆنموونە پیادەڕۆیی خێرا بۆ ماوەی 30 خولەك سووڕی خانە بەرگریكارەكانی لەشیان خڕۆكە سپییەكانی خوێن و ماددە گرنگەكانی تری سستمی بەرگریی بۆ هەموو بەشەكانی لەش زیاتر دەكات، بەڵام 3 كاتژمێر پاش مەشقی وەرزشی ئەم خانە بەرگریكارانە دەگەڕێنەوە ئەو شانانەی كە لێیەوە هاتوون، واتە كاریگەریی مەشقی وەرزشی بۆ بەهێزكردنی بەرگریی لەش كورت خایەنە،بۆیە مەشقی فیزیكی رێك و رۆژانە رێنمایی دەكرێت. خەوی دروست رێگایەكی ترە بۆ بەهێزكردنی سستمی بەرگریی لەش، ئەمە روونە كە ئەو كەسانەی بە باشی ناخەون زیاتر رووبەڕووی هەوكردنە ڤایرۆسییەكان دەبنەوە،خەوی دروستی شەوانە بۆ ماوەی 7-8 كاتژمێرئەم ئامانجە دەپێكێت. خۆراكی هاوسەنگ زۆر گرنگە بۆ بەهێزكردنی سستمی بەرگریی لەش بەتایبەتی بڕی باشی سەوزە و میوەی جۆراوجۆر، لەگەڵ ئەو خۆراكانەی كە دەوڵەمەندن بە ریشاڵ كە هاندەرە بۆ گەشەی بەكتریای سوودبەخشی ریخۆڵە، هەروەها ڤیتامینەكانی B،D، C، لەگەڵ كانزای زینك.
Top