گوشاری دەروونی ئەگەری ئەڵزهایمەر زیاددەکات

گوشاری دەروونی ئەگەری ئەڵزهایمەر زیاددەکات
پزیشکانی زانکۆی کۆپنهاگن لە دانیمارک رایدەگەیێنن گوشاری دەروونی بەردەوام مەترسیی تووشبوون بە ئەڵزهایمەر زیاددەکات.

لە نوێترین توێژینەوەیاندا پزیشکانی دانیمارکی لە پەیوەندی نێوان گوشاری دەروونی و تووشبوون بە ئەڵزهایمەریان کۆڵیوەتەوە و ئەنجامی توێژینەوەکەشیان لە جۆرناڵی (Alzheimer’s disease) بڵاوکردووەتەوە.

سابرینا ئیسلامۆسکا، بەرێوەبەری بەشی تەندروستی گشتی لە دانیمارک و یەکێک لە ئەنجامدەرانی توێژینەوەکە دەڵێت: ئەو کەسانەی بەردەوام گوشاری دەروونییان هەیە، لاوازن و زوو میزاجیان تێکدەچێت لەکاتی چوونە تەمەن ئەگەری تووشبوونییان بە ئەڵزهایمەر زیاتر دەبێت.

بەرێوەبەری بەشی تەندروستی گشتی لە دانیمارک هۆکاری ئەمە دەگەرێنێتەوە بۆ دەردانی رێژەیەکی زۆری هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ، کە نەک تەنیا کاریگەری نەرێنی لەسەر مێشک هەیە بەڵکو کاردەکاتە سەر هەموو ئەندامەکانی دیکەی جەستە.

توێژینەوەکەی زانکۆی کۆپنهاگن لەنێوان ساڵانی 1991- 1994 بەدواداچوونی بۆ حەوت هەزار کەسی سەروو 60 ساڵ کردووە، دوای شیکردنەوەی داتاکانی بەشداربووان پزیشکە توێژەرەکان بۆیاندەکەوتووە ئەو کەسانەی نیشانەکانی گوشاری دەروونییان هەیە مەترسیی تووشبوونیان بە ئەڵزهایمەر %25 زیاترە بەبەراورد بەوانەی دەروونییان ئارامە.

پزیشکانی زانکۆ دانیمارکییەکان هۆشداریدەدەن خەڵک لە گوشارە دەروونییەکان دووربکەونەوە بۆ ئەمەش رێنماییدەکەن:

1/ لە زۆر خواردنەوەی کافایین و کحول بەدووربیت
2/ رۆژانە چالاکی جەستەیی ئەنجامبدەیت
3/ لایەنی کەم حەوت کاژێر بخەویت
4/ خۆراکی تەندروست بخۆیت
5/ کاتەکانت رێکبخەیت
6/ تەکنیکەکانی خاووبوونەوە ئەنجامبدەیت

ئەڵزهایمەر نەخۆشییەکی کۆئەندامی دەمارە، بەهۆی لەناوچوونی دەمارەخانەکانی مشێک دروستدەبێت و زیاتر تووشی بەساڵاچووان دەبێت، تاوەکو ئێستا چارەسەری بنەبڕکەری نییە، کەسی تووشبوو تووشی لەبیرچوونەوە دەبێت و توانای جێبەجێکردنی کارەکانی رۆژانەی نامێنێت.


سەرچاوە:رووداو- هەولێر
Top