شەكرە Diabetes نەخۆشیەكی درێژخایەنە، بریتییە لە گرفت لە شێوەی مامەڵەكردنی لەش لەگەڵ شەكری گلوكۆز و بەرزبوونەوەی ئاستەكەی لە خوێندا. زۆربەی حاڵەتەكان لە جۆری شەكرەی دووەمن Type 2، هۆكارە هاندەرەكانی تووشبوون بریتین لە: بەساڵاچوون واتە لە تەمەنی 45 ساڵی و بەسەرەوە، كێشی زیاد و قەڵەوی یان تێكڕای بارستایی لەش كە زیاتر بێت لە 23 كگم/م2 یان چێوەی كەمەر كە لە 40 گرێ(102سم) زیاتر بێت بۆ پیاو و لە 35 گرێ(88سم) زیاتر بێت لە ئافرەتدا، بوونی مێژووی خێزانی بۆ نەخۆشیی شەكرە بۆنموونە باوك یان دایك یان برا یان خوشك، لە ئافرەتدا بوونی مێژووی تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە لەكاتی دووگیانیدا Gestationaldiabetes یان كە كێشی منداڵی تازەبوو كە 4.5 كگم یان زیاتر بووبێت، كەمی جوولە یان كەمی چالاكیی فیزیكی، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بەتایبەتی كە لە 140/90 ملم جیوە بەرزتر بێت، ئاستی نزمی كۆلیستیرۆلی باش HDL لە خوێندا كە كەمتر بێت لە 35 ملگم/دێسیلیتر، ئاستی بەرزی چەوریی گلیسریدە سیانییەكان لە خوێندا بەتایبەتی پێش نانی بەیانی(خورینی) كە بەرزتر بێت لە 250 ملگم/دێسیلیتر، رەقبوونی خوێنبەرەكان، زیانی لابەلای بەكارهێنانی دەرمانە ستیرۆیدییەكان بۆ ماوەیەكی زۆر، ئەو حاڵەتانەی كە پەیوەستن بە پەیدابوونی بەرگری دژی هۆرمۆنی ئینسولین وەكو فرەكیسی هێلكەدان، كۆبوونەوەی نائەلكهولی چەوری لە جگەردا.