ریشاڵە خۆراکییەکان مەترسیی مردنی پێشوەختە کەمدەکەنەوە
پزیشکانی زانکۆی ئۆتاگۆ لە نوێترین توێژینەوەیاندا پەیوەندییان دۆزیوەتەوە لەنێوان خواردنی ریشاڵە خۆراکییەکان و کەمبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە چەندین نەخۆشی درێژخایەن.
د. جیم مان، پرۆفیسۆر لە زانکۆی ئۆتاگۆ و یەکێک لە سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە دەڵێت: "ئەو خۆراکانەی رۆژانە دەیانخۆین کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر تەندروستی هەیە، بۆیە دەبێت گرنگی بە خۆراکە تەندروستەکان بدەین".
سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە روونیدەکاتەوە خواردنی بڕی پێویست لەو خۆراکانەی بە ریشاڵەکان دەوڵەمەندن مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان کەمدەکاتەوە لەوانەش نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرە و تەنانەت شێرپەنجە.
پزیشکە توێژەرەکانی زانکۆی ئۆتاگۆ بەسوود وەرگرتن لە 185 توێژینەوەی پێشووتر بۆیاندەکەوتووە، رۆژانە خواردنی 25-29 گرام لە ریشاڵە خۆراکییەکان مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرە و شێرپەنجەی کۆڵۆن بەرێژەی %16-24 کەمدەکاتەوە.
پزیشکە نیوزلەندییەکان نیگەرانن لەوەی ئێستا خەڵکی لە ژەمە خۆراکییەکانیاندا بڕێکی باش لە ریشاڵ وەرناگرن بۆیە رێنماییدەدەن گرنگی بەو خۆراکانە بدرێت کە بە ریشاڵ دەوڵەمەندن بەمەش تەمەندرێژتر دەبن.
ئەو خۆراکانەی بە ریشاڵ دەوڵەمەندن بریتین لە میوەکان بەگشتی و هەرمێ، سێو و مۆز بەتایبەتی هەروەها ئاڤۆکادۆ، برۆکلی، پاقڵە، نیسک، شۆفان و بادەم.
ئەنجامی توێژینەوەکەی پزیشکانی زانکۆی ئۆتاگۆ لە جۆرناڵی لانسێت بڵاوکراوەتەوە.
رووداو- هەولێر