زوو نەخۆش كەوتن گەلێك هۆكاری لەپاڵە، راستە وەكو یەكەم هەنگاو سەردانی دكتۆر دەكەیت، بەڵام پێویستە كە تێبینی هەندێك شتی تر لە ستایلی ژیانتدا بكەیت كە لەوانەیە هۆكار بن. ئەگەر زوو كۆئەندامی هەناسەت تووشی نەخۆشی دەبێت لەگەڵ گیرانی لووت بەبێ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، ئەوا لەوانەیە كە هەستەوەری Allergies هۆكاری سەرەكی گرفتەكە بێت كە نیشانەكانی زۆر لە نیشانەكانی هەڵامەتەوە نزیكن، هەندێك جاریش لە نیشانەكانی رەبو نزیكن چونكە لەگەڵ تووشبوون بە سەرما و هەڵامەت نەخۆش دوچاری هەناسەتەنگی دەبێتەوە. هۆكارەكانی تری زوو نەخۆش كەوتن بریتین لە: جگەرەكێشان كە هۆكاری سەرەكییە بۆ نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە لەگەڵ ئەگەری كەمخوێنی، زیاد خواردنەوەی ئەلكهول، خۆراكی ناڕێك یان ناهاوسەنگ كە بەرگری لەش لاواز دەكات واتە ئەگەری نەخۆشی زیاتر دەكات، ئاستی بەرزی سترێس یان شەكەتی دەروونی كە بەرگری لەش بێهێز دەكات، خەمۆكی دەستنیشاننەكراو، پەیڕەونەكردنی پاكوخاوێنی بەتایبەتی شووشتنی دەستەكان پاش ئاودەست، كزبوونی چالاكی گلاندی دەرەقی Hypothyroidism، ئەو نەخۆشییانەی كە بەرگری لەش دادەبەزێنن وەكو ئایدز و هەوكردنی رۆماتیزمی جومگەكان. هەروەها بەردەوام نزیكبوونەوە یان بەركەوتن بە كەسانی نەخۆش بەتایبەتی نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە لە شوێنە قەرەباڵغەكاندا هۆكارێكی دیكەیە بۆ زوو نەخۆش كەوتن.