ئازاری گوێ هۆكارە بۆ سەرسووڕان

ئازاری گوێ هۆكارە بۆ سەرسووڕان
ئازاری گوێ Earache لە هەموو تەمەنێكدا بەدی دەكرێت، بەڵام زیاتر لە منداڵدا دەبینرێت. ئازاری گوێ لەوانەیە كە یەك یان هەردوو گوێ بگرێتەوە، لەوانەیە تیژ یان سووك بێت. هۆكارەكانی ئازاری گوێ بریتین لە: هەوكردنی گوێ، گۆڕان لە پەستانی ئەتمۆسفیر یان دەوروبەردا، زیاد كۆبوونەوەی مۆمی گوێ، هەوكردن و كڕانەوەی قوڕگ، تەنی بیانی لەناو گوێدا، هەوكردنی كەناڵی گوێ، هەوكردنی جیوبەكان لووت، پاككردنەوەی گوێیەكان بە زلوكەی پەمۆ Cotton swabs، كۆبوونەوەی یان قەتیسبوونی شامپۆ یان ئاو لەناو گوێدا پاش گەرماو یان پاش مەلەكردن، دڕان یان كونبوونی پەردەی گوێ، هەوكردنی جومگەكانی شەویلاك، هەوكردن یان كلۆربوونی ددان، ئەكزیما لە كەناڵی گوێدا. لەوانەیە كە ئازاری گوێ هاوكات بێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش بەتایبەتی لە مندڵاندا، ئەمەش مانای هەوكردنی گوێی ناوەڕاست Otitis media دەگەیەنێت كە پێویستی بە چارەسەری خێرا هەیە. لە گەورەكانیشدا لەوانەیە كە ئازاری گوێ هاوكات بێت لەگەڵ چەند نیشانەیەكی وەكو سەرسووڕان، سەرئێشەی توند، گرفت لە بیستن، هەستكردن بە ویزە لە گوێدا Tinnitus، ئاوسان لە دەوری گوێدا، دەردراوی زەرد یان دەردراوی خوێناوی لە گوێدا، سستبوونی ماسوڵكەكانی دەموچاو. لە هەموو حاڵەتەكاندا ئەگەر ئازاری گوێ بەرە بەرە توندتر بێت یان لە ماوەی 24-48 كاتژمێردا سووكتر نەبێت ئەوا پێویست بە سەردانی دكتۆر دەكات.
Top