چوار جۆر بەردی گورچیلە هەیە

چوار جۆر بەردی گورچیلە هەیە
• بەردی كالسیۆم Calcium Stones: نزیكەی 80%ی بەردی گورچیلە لە ئاوێتەكانی كالسیۆمن وەكو كالسیۆم ئۆكزالێت، كالسیۆم فۆسفەیت. هەر هۆكارێك ببێتە ئەگەری زیادبوونی كالسیۆم یان ئۆكزالێت لە لەشدا ئەوا رێگا خۆشدەكات بۆ دروستبوونی بەردی كالسیۆم. دەكرێ بە هەندێك دەرمان رێگا لە دروستبوونی ئەم جۆرە بەردە بگیرێت.
• بەردی یوریك ئەسید Uric Acid Stones: نزیكەی 5- 10% ی بەردی گورچیلە لەم جۆرە بەردانەن، لە حاڵەتی ئاساییدا یوریك ئەسید لە میزدا فرێ دەدرێت، ئەو فاكتەرانەی كە ئەگەری دروستبوونی بەردی یوریك ئەسید زیاد دەكەن بریتین لە: كەم میزكردن، زیاد خواردنی گۆشتی سوور، زیاد خواردنەوەی ئەلكهول، دەردە بەگ(دا‌و ألملوك Gout)،نەخۆشی هەوكردن لە ریخۆڵەدا. دەتوانرێ كە بە هەندێك دەرمان رێگا لە دروستبوونی بەردی یوریك ئەسید بگیرَت یان بە دەرمان بتوێنرێتەوە.
• بەردی ستروڤایت Struvite stones: نزیكەی 10- 15% ی بەردەكانی گورچیلە پێكدێنن. زۆر جار پێیان دەڵێن بەردی هەوكردن لەو كاتەی كە لەگەڵ هەوكردنی گورچیلە یان هەوكردنی میزەڕۆدا پەیدا دەبن، بۆیە زیاتر لە ئافرەتدا دەبینرێت چونكە ئافرەت پتر لە پیاو دوچاری هەوكردنەكانی میزەڕۆ دەبێتەوە. مەترسی ئەم بەردانە لەوەدایە كە قەبارەیان گەورەیە.
• بەردی سیستین Cystine stones: ئەم بەردانە تەنیا 1% ی بەردەكانی گورچیلە پێكدێنن، لە مادەی سیستین پێكهاتوون. زیاتر لەو خێزانانەدا دەبینرێت كە ماددەی (سیستین)یان لە میزدا زۆرە. دەكرێت رێگا لە دروستبوونی ئەم جۆرە بەردانە بگیرێت یان بە دەرمان بتوێنرێنەوە.
Top