چی لەبارەی ڤیتامین B4 دەزانیت؟

چی لەبارەی ڤیتامین B4 دەزانیت؟
ڤیتامین B4 كە بە ئەدینین Adenine ناسراوە، یەكێكە لەو 8 ڤیتامینەی كە بە ڤیتامینەكانی B كۆمپلێكس ناسراون. ڤیتامین B4 گرنگە بۆ دروستبوونی ترشە ناوكییەكانی DNA و RNA، هەروەها بەشێكە لە پێكهاتەی ئەدینۆسین ترایفۆسفەیت ATP كە گەردیلەیەكی پڕ وزەیە و زۆر پێویستە بۆ هەموو چالاكی و فرمانەكانی لەش، هەروەها وەكو گەیێنەری نێوان دەمارەكان كاردەكات لە ئاستی دەمارەخانەكانی مێشكدا. ئەگەرچی تا ئێستا هەموو فرمانەكان و میكانیزمی كاركردنی ڤیتامین B4 نەزانراون، بەڵام جگە لە بەشداربوونی لە پێكهاتەی گەردیلەی وزە یان ATP ناو مایتۆكۆندریای هەموو خانەكانی لەش، ئەم ڤیتامینە وەكو كۆئەنزیم چالاكیی هەیە، واتە لەگەڵ ماددەی تر یەكدەگرێت بۆ ئەنجامدانی چەند فرمانێكی تر وەكو: هاندانی دروستبوونی خانەی نوێ و پەرەسەندنی شانەكان، بەهێزكردنی سستمی بەرگریی لەش، هەروەها ئەم ڤیتامینە سیفەتی دژەئۆكسانی هەیە و كاریگەرییە خراپەكانی كرداری ئۆكسان لەسەر خانەكانی لەشدا كەم دەكاتەوە، هاوكات لەگەڵ سووككردنی نیشانەكان و ناڕحەتیەكانی پەیوەست بە: كەمخوێنی، خەوزڕان، سەرئێشە، كولبوونی گەدە یان دوازدەگرێ، نەخۆشیی شەكرە، ئاوی سپی چاو، دڵەكوتێ، هەوكردنە بەكتریایی و ڤایرۆسییەكان، رەبو، هەستەوەری. كەمی ڤیتامین B4 دەبێتە ئەگەری: هێڵنج، سستبوونی گەشەی فیزیكی، هەستكردن بە ماندووبوون، سەرسووڕان، لاوازبوونی ماسوولكەكان، ناڕحەتی لە كۆئەندامی هەرسدا، دابەزینی مەزاج، كەمخوێنی، زیادبوونی ئەگەری هەوكردنەكان، گرفت لە پێستدا.سەرچاوە خۆراكییەكانی ڤیتامین B4 بریتین لە: دانەویڵە، نان بە گەنمی تەواو، نەعناع، فەراولە، زەنجەبیل، تەماتە، تۆوەكان، سێو، پرتەقال، سەوزە گەڵا تاریكەكان.
Top