مەگنسیۆم ئەگەری شكانی ئێسك كەم دەكاتەوە

مەگنسیۆم ئەگەری  شكانی ئێسك كەم دەكاتەوە
مەگنسیۆم Magnesium سیفەتی دژەئۆكسانی هەیە، واتە خانەكان لە كاریگەری خراپی كۆلكە سەربەستەكان Free radicals دەپارێزێت كە بریتین لە مۆلیكیولی ناتەواوی ئۆكسجین.ئەمە روونە كە كالسیۆم و ڤیتامین D رۆڵی گرنگیان هەیە لە تەندروستیی ئێسكدا، بەڵام لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە مەگنسیۆم رۆڵی بەرچاوی هەیە بۆ پاراستنی ئێسك لە شكان، هەروەها ئاستی بەرزی كانزای مەگنسیۆم لە خوێندا ئەگەری شكانی ئێسك تا رێژەی 44% كەم دەكاتەوە، بە پێچەوانەشەوە كەمی ئاستی مەگنسیۆم لە لەشدا ئەگەری شكانی ئێسك زیاتر دەكات بەتایبەتی شكانەكانی جومگەی نێك Hip. شكانی ئێسك زیاتر لە تەمەنی ناوەڕاست و تەمەنی پیریدا بەدی دەكرێت، بۆیە گرنگیدان بە خۆراكی هاوسەنگ بە مەبەستی دابینكردنی بڕی پێویستی مەگنسیۆم لەم تەمەنەدا زۆر گرنگە. بەگشتی خۆراكی رۆژانەمان ئەمڕۆ رێژەیەكی كەمی مەگنسیۆم لەخۆدەگرێت، ئەمەش هۆكاری سەرەكییە بۆ كەمی مەگنسیۆم لە لەشدا. سەرچاوە خۆراكییەكانی مەگنسیۆم بریتین لە: باوی، پاقلەمەنییەكان، بندق، كاكاو، گوێز. كە رێژەی مەگنسیۆمی خوێن یان ئاستی مەگنسیۆم لە خانەكاندا زۆر كەم دەبێتەوە ئەوا لەش بۆ پڕكردنەوەی پێویستی خانەكان، مەگنسیۆم لە جگەر و ئێسكەوە وەردەگرێت، بەمەشەوە پتەویی ئێسك كەم دەبیتەوە و نیشانەكانی تری كەمی مەگنسیۆم لە لەشدا دەردەكەون وەكو: قەبزی، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، هەستكردن بە ماندووبوون یان زوو ماندووبوون، ئازاری ماسوولكە، سەرئێشە. هۆكارە هاندەرەكان بۆ كەمی مەگنسیۆم ئەمانەن: ریجیمی توند یان هەڵە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش، زیاد خواردنی چەوری، جگەرەكێشان، راهاتن لەسەر خواردنەوە ئەلكهولییەكان، نەخۆشیی شەكرە، دووگیانی، شیردانی سروشتی.
Top