تۆ هەمان خۆت نیت لەكاتی برسیبووندا!

تۆ هەمان خۆت نیت لەكاتی برسیبووندا!
ئایا لەكاتی برسیبووندا دووچاری ناڕەحەتی دەروونی و تووڕەبوون دەبیتەوە؟ ئایا ئەمە هەڵەی تۆیە یان بایۆلۆژیی لەشت هۆكارە؟ لەكاتی برسیبووندا، مرۆڤ دوچاری ناڕحەتی Irritability دەبێت لەبەر دابەزینی ئاستی شەكری خوێن. ئەمەش كەمێك لە حاڵەتی دابەزینی ئاستی شەكری خوێن لە نەخۆشانی شەكرە دەچێت كە دووچاری گۆڕانی مەزاج و شێوان و شپرزەیی دەبنەوە. لەشمان خۆراك دەگۆڕێت بۆ ترشە ئەمینییەكان و چەوری و شەكرە سادەكان بەتایبەتی گلوكۆز.مێشك بۆ فرمانی دروست پشت بە شەكری گلوكۆز دەبەستێت، كە ئاستی شەكر زۆر دادەبەزێت ئەوا توانای ئەنجامدانی كاری ورد لەدەست دەدەیت و لەوانەیە كە دوچاری سەرسووڕان و ناڕەحەتی و تووڕەبوون بیت.پاش ئەنجامدانی مەشقێكی وەرزشی توند، هەندێك كەس لەوانەیە كە هەست بە خاوبوونەوە و حەسانەوەی دەروونی بكەن، كەچی هەندێك كەسی تر لەوانەیە كە دوچاری تووڕەبوونێكی سووك بن. هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە هەندێك كەس زیاتر لە كەسانی تر پاش مەشقی وەرزشی هەست بە برسیبوون دەكەن، لەوانەیە لەشیان نەتوانێت كە بە شێوەیەكی خێرا و دروست مامەڵە لەگەڵ شەكردا بكات.ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە لەكاتی برسیبووندا مەزاج ناخۆش دەبێت، ئەمەش هەرگیز هەڵەی تۆ نییە، بەڵكو كاردانەوەیەكی فسیۆلۆژی ئاساییە.
Top