خەمۆكی Depression جگە لە هەستكردن بە غەم و بێزاری و دڵتوندی، گەلێك نیشانەی جەستەییش پەیدا دەكات. لە راستیدا، تووشبووان بە خەمۆكی بەدەست ئازاری درێژخایەن و نیشانەی تری جەستەییەوە دەناڵێنن. خەمۆكی جگە لە كەسی تووشبوو كاریگەری دەكاتە سەر هەموو كەسانی نزیكی تووشبووەكە، بۆ نموونە خێزان، هاوڕێ، هاوپیشە..تاد. گرنگترین نیشانە جەستەییەكانی پەیوەست بە خەمۆكی بریتین ئەمانەن: سەرئێشە و سەختبوونی توندیی سەرئێشە لە تووشبووان بە شەقەسەر، پشت ئێشە، ئازاری جومگە و ماسوڵكە، سینگ ئێشە، گرفتەكانی كۆئەندامی هەرس بە شێوەی هێڵنج و سكچوون یان قەبزی و هەندێك جاریش دڵەكزێ و كولبوونی دوازدەگرێ، هەستكردن بە هیلاكی Exhaustion و زووماندووبوون، گرفتەكانی خەو بەتایبەتی خەوزڕان، گۆڕان لە ئارەزووی خواردندا، دابەزین یان زیادبوونی كێشی لەش، سەرسووڕان یان هەستكردن بە سووكبوونی سەر Lightheadedness. لەبەر ئەوەی كە هەمان ئەو نیشانانە لە گەلێك حاڵەت و نەخۆشی تردا بەدی دەكرێن، گەلێك لە تووشبووان بە خەمۆكی ئەو نیشانانە فەرامۆش دەكەن و ئاگاداری دكتۆر ناكەنەوە كە لەوانەیە جگە لە خەمۆكی لە راستیدا دوچاری نەخۆشییەكی تری جەستەیی هاتبن.