خەوزڕان ئەگەری تووشبوون بە نۆرەی دڵ زیاد دەكات

خەوزڕان ئەگەری تووشبوون بە نۆرەی دڵ زیاد دەكات
ئەگەرچی خەو سێیەكی ژیانمان دەبات، بەڵام زۆر گرنگە بۆ چاكبوونەوەی بایۆلۆژی. رێژەی تووشبووان بە خەوزڕان لە كۆمەڵگای مۆدێرندا لە زیادبووندایە، بۆنموونە تەنیا لە ئەلمانیادا رێژەی تووشبووان بە خەوزڕان دەگاتە زیاتر لە 30%. ئەمە سەلمێنراوە كە خەوزڕان Insomnia ئاكامی تەندروستی خراپی لێدەكەوێتەوە، بەم دواییە ئاماژە بەمە كراوە كە خەوزڕان پێوەندی هەیە بە زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نۆرەی دڵ و جەلتە، رێژەی ئەم پێوەندییە دەگاتە 11-27%. نیشانەكانی خەوزڕان بریتین لە: گرفت لە سەرەتای نووستن یان گرفت چوونە خەوەوە، گرفت لە نووستنی بەردەوام بۆ ماوەیەكی دیاریكراو(پچڕبوونی خەو)، زوو هەڵسان لە خەو بەر لە تێر نووستن، خراپیی كوالیتی نووستن. میكانیزمەكان لەپاڵ ئەم پێوەندییە هێشتا بە تەواوی نەزانراون، بەڵام لێكۆڵینەوە كۆنەكان ئاماژەیان بەوە كردووە كە خەوزڕان كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر كرداری میتابۆلیزم و فرمانی كوێرەگلاندەكان هاوكات لەگەڵ ئاكتیڤبوونی سستمی سیمەتاوی Sympathetic و زیادبوونی ئاستی هەوكردن Inflammation لە لەشدا. ئەمەش روونكراوەتەوە كە خەوزڕان لە ئافرەتدا پتر لە پیاو ئەگەری تووشبوون بە نۆرەی دڵ زیاد دەكەن.
Top