چۆن نەوجەوان لە جگەرەكێشان دەپارێزیت؟

چۆن نەوجەوان لە جگەرەكێشان دەپارێزیت؟
ئەگەرچی گەلێك نەوجەوان دەست بە جگەرەكێشان دەكەن، بێ ئەوەی بیری لێبكەنەوە، بەڵام لە ئاییندەدا لێیان دەبێتە گرفتێكی راستەقینە كە ناتوانن بە ئاسانی لێی دەرباز بن. بەگشتی ئەو پێگەیشتووانەی كە دەست بە جگەرەكێشان دەكەن ئەوا لە تەمەنی نەوجەوانیدا جگەرەیان كێشاوە. دایك و باوك یەكەم مامۆستای منداڵەكانیانن، كە دایك وباوك لە هەموو رووێكەوە پەیڕەوی شتە تەندروستییانەكان بكەن كە دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان یەكێكە لە هەنگاوە گرنگەكان، ئەوا بەگشتی منداڵە نەوجەوانەكانیشیان دووردەكەونەوە لە جگەرەكێشان. ئەو هەنگاوانەی كە پێویستە دایك و باوكان بیانگرنە بەر بۆ پاراستنی منداڵە نەوجەوانەكانیان لە جگەرەكێشان بریتین لە: رێگرتن لە جگەرەێشان و رێگانەدان بە كێشانی تەنانەت رۆژانە یەك دانە جگەرە، روونكردنەوەی راستییە تاڵەكانی جگەرەكێشان بۆ نەوجەوان وەكو: بۆنی ناخۆشی دەم و هەناسە، بۆنی ناخۆشی جل و قژ و زەردبوونی ددان، كۆكەی درێژخایەن، هەناسەتەنگی، كەمبوونەوەی وزە و چالاكیی فیزیكی تا دەگاتە تووشبوون بە شێرپەنجە و مردن. پێویستە ئەمە بۆ نەوجەوان روون بكرێتەوە كە جگەرەكێشان بەفیڕۆدانی پارەیە، هەوڵ بدە كە دژی فشاری هاوڕێیە جگەرەكێشەكان لەسەر نەوجەوانەكەت بوەستیتەوە و دووری بكەیتەوە لە لاساییكردنەوەی ئەو هاوڕێیانەی كە جگەرەكێشن. هەروەها ئەمەشی بۆ روون بكەرەوە كە لەوانەیە كێشانی یەكەم جگەرە ببێتە ئەگەری راهاتن لەسەر جگەرەكێشان، ئەوكاتە وازهێنان لە جگەرە كارێكی قوڕس دەبێت. رێگر بە لە كێشانی تووتن بە شێوە جۆراوجۆرەكانی تر جگە لە جگەرەی ئاسایی وەكو جگەرە و تووتن بە چێژ و بۆنی تایبەت Flavoured tobacco، جگەرەی ئەلیكترۆنی، نێرگلە..تاد
Top