زۆر ئافرەتی دووگیان پێیان باشە كە منداڵبوونیان لە ماڵەوە بێت لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە: هەستكردن بە دڵنیایی و ئارامی، هەرزانی نرخی مامانی Midwifery لە ماڵ، ئازادی لە هەموو هەڵسوكەوتەكان لەكاتی منداڵبوون و پاش منداڵبووندا، نزیكبوونێكی بەردەوام لە منداڵی تازەبوو و كەسانی نزیك، ئەنجامدانی چەند نەرێتێكی تایبەت راستەوخۆ پاش منداڵبوون. بەگشتی منداڵبوون لە ماڵەوە بەدەر نییە لە مەترسی بۆ تەندروستی دایك یان كۆرپە یان بۆ هەردووكیان، بۆنموونە ئەگەری روودانی ئاڵۆزی چاوەڕوان نەكراو و نەبوونی خزمەت و چاودێرییە تەندروستییەكانی پاش منداڵبوون وەكو خوێنبەربوونی پاش منداڵبوون كە جێگای مەترسییە بۆ دایك، مانەوەی وێڵاش Placenta یان پارچەیەكی ویڵاش لەناو منداڵداندا، روودانی گرفتی هەناسە لە منداڵی تازەبوودا. هەرچەند مامان كارامە و شارەزاش بێت، هەندێك حاڵەت پێویست بە گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە دەكات و پێویست بە هاوكاری ستافێكی پسپۆری پزیشكی دەكات، لێرەدا كات گرنگی زۆری هەیە كە لەوانەیەی هەندێك جار لە خزمەت حاڵەتەكەدا نەبێت و ئاكامی مەترسیداری لێبكەوێتەوە.