تێكچوونی هاوسەنگیی هۆرمۆنەكان مەسەلەیەكی زۆر هەستیارە لە ئافرەتدا. هۆرمۆنەكان Hormones رۆڵی گرنگیان هەیە لە هەڵبەزین و دابەزینی مەزاجدا Mood و كەوتوونەتە ژێر كاریگەری: خۆراك، مەشقی وەرزشی، نووستن، هەروەها دەرمان. ئەو حاڵەتانەی كە دەبنە ئەگەری گۆڕانی بەرچاو لە هاوسەنگیی هۆرمۆنەكان و گۆڕان لە مەزاجی ئافرەتدا بریتین لە: دووگیانی، چلە، سووڕی خوێنی مانگانە، ماوەیەك بەر لە وەستانی یەكجارەكی سووڕی مانگانە Pre-menopause، وەستانی یەكجارەكی سووڕی مانگانە Menopause. گەلێك هۆرمۆن لە لەشدا بەرپرسن لە گۆڕانی مەزاجدا، بۆنموونە هۆرمۆنی ئیسترۆجین Estrogen كە رۆڵی هەیە بۆ زیادكردنی ئاستی هۆرمۆنی سیرۆتۆنین و ئیندۆرفینەكان لە لەشدا كە ئەمەش خەمۆكی كەم دەكاتەوە، هەر لەبەر ئەوەیە كە ئاستی نزمی ئیسترۆجین ئەگەری خەمۆكی و نۆرەكانی پەستی Anxiety زیاتر دەكات. هۆرمۆنی پرۆجێستیرۆن Progesterone كە كاریگەرییەكی ئارامبەخشی هەیە و بە رێژەیەكی بەرز لە مێشكدا چڕدەبێتەوە، كەمی ئەم هۆرمۆنە پێوەندی هەیە بە خەوزڕان و خەمۆكی و پەستییەوە. هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن Testosterone كە بە شای هۆرمۆنەكان ناسراوە و رێژەكەی لە لەشی ئافرەت دەگاتە 10% ی رێژەكەی لە پیاودا، بەڵام بەم رێژە كەمەشەوە كاریگەریی بەرچاوی هەیە لەسەر مەزاج و بارستایی ئێسك و ماسوڵكە، كەمی تێستۆستیرۆن دەبێتە هۆی گۆڕان لە مەزاجدا. هۆرمۆنی كۆرتیزۆل Cortisol كە لەكاتی سترێسدا دەردەدرێت سوودی هەیە بۆ زیادكردنی وریابوون و بەرگەگرتنی ئازار و كەمكردنەوەی هەستكردن بە ماندووبوون، بەڵام لە هەمان كاتیشدا ئاستی بەرزی بەردەوامی كۆرتیزۆل ئەگەری تووشبوون بە جەلتە و نەخۆشی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن زیاد دەكات كە كاریگەریی نێگەتیڤ دەكەنە سەر مەزاج.