سیریلاك Cerealac واتە دانەوێڵە و شیر كە وەكو خۆراكێكی تەواوكەر دەدرێتە منداڵ. سیریلاك گەلێك جۆری هەیە بە چێژی جیاواز لە بازاڕەكاندا دەستدەكەوێت. بەگشتی سیریلاك، یان خۆراكی تەواوكەر پاش 6 مانگی تەمەن دەدرێتە منداڵ، چونكە بۆ گەشەی دروست جگە لە شیر منداڵ پێویستی بە وزە و ماددەی خۆراكی تر دەبێت. پسپۆران ئەمەیان روونكردۆتەوە كە هەرگیز مەرج نییە دایكان تەنیا پشت بە سیریلاك ببەستن وەكو خۆراكێكی تەواوكەر. پێدانی سیریلاك بە منداڵ لە تەمەنی بچووكتر لە 6 مانگ گوایە منداڵ تەنیا بە شیر تێر نابێت یان لەبەر هەر هۆكارێكی تر لەوانەیە كە چەند گرفتێكی تەندروستی پەیدا بكات. ئەكادیمیای ئەمەریكی تایبەت بە پزیشكانی پسپۆری تەندروستیی منداڵ رێنمایی دەكەن كە منداڵ بەلای كەم بۆ ماوەی یەك ساڵ لەسەر شیری دایك بمێنێتەوە، پێوستە دایكان بە تەواوی درك بەوە بكەن كە سیریلاك زیانی لابەلای بۆ هەندێك منداڵ هەیە. خواردنی سیریلاك لە گەلێك منداڵدا هۆكارە بۆ قەبزی كە هاوكاتە لەگەڵ ئازاری سك و ناڕحەتی، بۆ رێگرتن لەم گرفتە پێویستە كە شیرەی میوەی سروشتی و شۆربای سەوزەی تێكەڵاو لەجیاتی سیریلاك بدرێتە منداڵ. وەكو هەر خۆراك و دەرمانێك، هەندێك منداڵ بە خواردنی سیریلاك دوچاری هەستەوەری دەبن، جا هەستەوەری بە دانەوێڵە یان پرۆتینی شیری چێڵ یان خۆراكی تر كە لەگەڵ سیریلاك تێكەڵ دەكرێن وەكو سۆیا، نیشاستەی گەنمەشامی، یان هەر ماددەیەكی كیمیایی زیاد كە دەخرێتە ناو سیریلاك Additives بە مەبەستی چێژ، بۆن، رەنگ، یان هەر مەبەستێكی تر. نیشانەكانی هەستەوەری بە پێكهاتەكانی سیریالاك بریتین لە: سكچوون، پژمین، لەگەڵ زیادبوونی دەردراوی لووت.