لاوازبوونی ئێسك Osteoporosis بریتییە لە كەمبوونەوەی چڕیی بارستایی ئێسك، بەمەشەوە ئێسك پتەوی لەدەست دەدات و زۆر لاواز دەبێت، بۆیە لەوانەیە كە یەك جار كەوتن دوچاری شكان بێت و ژیان بخاتە مەترسییەوە. ئێسك پێكهاتووە لە پرۆتین، كۆلاجین، لەگەڵ كالسیۆم. كە ئێسك چڕییەكی ون دەكات، ئەوا لاواز دەبێت و بە ئاسانی دەپەسترێت یان وێكدێت، پاشان بە ئاسانی درز دەبات یان دەشكێت. هۆكارە هاندەرەكان بۆ پوكانەوەی ئێسك: بوونی مەیلی خێزانی بۆ تووشبوون، ئەنجام نەدانی مەشقی وەرزشی، كەمی كالسیۆم لە لەشدا، كەمی ڤیتامین D، جگەرەكێشان(5-10% ئەگەری تووشبوون زیاد دەكات)، كەمی كێشی لەش، هەوكردنی رۆماتۆیدی جومگەكان، زیانی لابەلای هەندێك دەرمان، ئەمەش روونكراوەتەوە كە ئافرەتی ئاسیایی زیاتر تووشی دەبێت بەتایبەتی لە تەمەن 50 ساڵ و بەسەرەوە. نیشانەكانی لاوازبوونی ئێسك بریتین لە: پشت ئێشە، شكانی ئێسك بە ئاسانی هەتا بە زەبرێكی سووك، لاربوونی بەشی سەرەوەی پشت Stooped posture. هەنگاوەكانی خۆپاراستن لە لاوازبوونی ئێسك: مەشقی وەرزشی، گرنگیدان بە بڕی گونجاوی كالسیۆم لە خۆراكدا، خۆدانە بەر تیشكی خۆر بۆ دابینكردنی بڕی تەواو لە ڤیتامین D، گرنگیدان بە دابینكردنی ڤیتامین K لە خۆراكدا، كۆنترۆلكردنی كێشی لەش، دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان و خواردنەوەی ئەلكهول، دووركەوتنەوە لە فشار خستنە سەر ئێسكەكان، بەسەركردنەوەی تەندروستیی ئێسك بە شێوەیەكی دەوری.